به‌پێی به‌دواداچوونێكی ورد، ده‌ركه‌وتووه كه گرژیی نێوان میلیشیاكان و هێزه‌كانی حەشدی شەعبی گه‌یشتووەته ناوچه كوردستانییه‌كانی دیاله و كه‌ركووك و سه‌ڵاحه‌دین.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 27ی حوزه‌یران، لویس خزر قایمقامی شارۆكه‌ی داقووقی سه‌ر به پارێزگای كه‌ركووك به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، بازگه‌كانی پۆلیس له ده‌روازه‌كانی داقووق لابراون، ئێمه‌ش ته‌نیا له‌لایه‌ن هێزی چه‌كدارانی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆوه له لادانیان ئاگادار كراوینه‌ته‌وه.
ڕوونی كرده‌وه، ئێسته بازگه‌ی پۆلیس له ده‌روازه‌ی شار نه‌ماوه، وه‌ك یه‌كه‌ی كارگێڕیی ناوچه‌كه‌ش چاوه‌ڕوانی بڕیاری سه‌ره‌وه بۆ جێگیركردنه‌وه‌ی ده‌كه‌ین.
به‌شێك له هێزه‌كانی كاردانه‌وه‌ی خێرا و میلیشیاكان له چه‌ند شوێنێك به‌رانبه‌ر یه‌كتر وه‌ستابوون
هیوا ره‌شید به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی داقووقی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشه" ئاشكرای كرد، ئه‌و بازگانه له‌كاتێكدا لابراون كه میلیشیاكان و هێزی كاردانه‌وه‌ی خێرا چەکدارەکانیان له ده‌ره‌وه‌ی شاره، هاوكات بۆ بێلایه‌نكردنی پۆلیسه له هه‌ر گرژییه‌ك.
له‌لایه‌كی تره‌وه عه‌دنان محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانیی له‌كارخراوی شاره‌بان گوتی، هێزێكی حه‌شدی شه‌عبی هاتوونه‌ته سه‌ر هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له ناوچه‌ی هاروونییه كه ده‌كه‌وێته سنووری ناوچه كوردستانییه‌كان، پارێزگای دیاله ته‌واوی چه‌كدارانی حه‌شدیان بێ چه‌ك كردووه و كه‌ره‌سته و پێداویستییه‌كانی میلیشیاكانیان بردووه.
له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌رسه‌لان عه‌لی به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه‌ی خورماتووی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشه"ئاشكرای كرد، سه‌رباری راگه‌یاندنی پشوو، به‌شێك له هێزه‌كانی كاردانه‌وه‌ی خێرا و میلیشیاكان له چه‌ند شوێنێك به‌رانبه‌ر یه‌كتر وه‌ستابوون، ئه‌وه‌ش ترس و دڵه‌ڕاوكێی لای هاووڵاتییان دروست كردبوو.
گه‌رمیان / سه‌بری هۆرێنی