راستی تەقینەوەكەی تاران ئاشكرا دەبێت

:: PM:06:02:27/06/2020 ‌

چەند وێنەیەكی مانگی دەستكرد روونی دەكەنەوە كە ئەو تەقینەوەی ناوچەیەكی بە دووری 20 كیلۆمەتر لە بەرزاییەكانی بورزی رۆژهەڵاتی تارانی پایەتەختی هەژاند، بریتییە لە تۆڕێك لە توونێلی ژێرزەوی و شوێنی بەرهەمهێنانی مووشەك بووە.
تەقینەوەكە لە نزیك دامەزراوەیەكی دروستكردنی مووشەك بووە
لەو تەقینەوەی بەیانی زووی دوێنێ هەینی رووی دا و بووە هۆی دروستبوونی تۆپێكی ئاگرین لە ئاسمانی نزیك تارانەوە، تا ئێستە هۆكارەكەی تەواو دیار نییە، هاوكات وەڵامدانەوەی حكوومەتی ئێران دوای تەقینەوەكە، دووپات لە سروشتی هەستیاریی ناوچە نزیكەكەی پایەتەخت دەكەنەوە، كاتێك پشكنەرانی نێودەوڵەتی وای بۆ دەچن كە ئێران بەر لە 20 ساڵ تاقیكردنەوەی گەورەی لەبارەی چەكی ئەتۆمییەوە لێ ئەنجامدابێت.  

دوای تەقینەوەكەی هەینی لە چیای بورز، تەلەڤزیۆنی ئێران چەند وێنەیەكی پێشان دا، بەوەی شوێنی تەقینەوەكە بووە كە دەرگە و پەنجەرەی ناوچەكەی هەژاندووەتەوە رووناكاییەكی گەورەی لە ئاسمانی ناوچەكە دروست كردووە، داود عەبدی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئێران هۆكاری تەقینەوەكەی بۆ دزەكردنی گاز بەهۆكاری نادیار گەڕاندەوە و قوربانی لەو رووداوە نەكەوتووەتەوە، لەوكاتەی كە پرسار هەیە بەوەی بۆچی بەرپرسانی سەربازی ئەركی كوژارندنەوەی ئاگرەكە دەگرنە ئەستۆ. 

وێنەی مانگی دەستكرد سووتانی سەتان مەتری لەو ناوچەیە پێشان دا كە پێش چەند هەفتەیەك ئەو سووتانە نەبووە، ئەو تەلارەی لە نزیك ئاگرەكە دەركەوتووە، بەوە دەچێت كە لە وێنەی تەلەڤزیۆنی ئێران بڵاوی كردوونەتەوە، ئەو ناوچە دەكەوێتە نزیك شوێنێك كە شرۆڤەكاران بە دامەزراوەیەكی دروستكردنی مووشەكی دەزانن.

فابیان هێنز، توێژەر لە سەنتەری مارتن بۆ لێكۆڵینەوە لە كالیفۆڕنیا دەڵێت، پێدەچێت تەقینەوەكە دامەزراوەیەكی سەر بە گرووپی شەهید بیكری، بۆ پیشەسازی مووشەكی كە بە سووتەمەنی رەق كار دەكات، كردبێتە ئامانج، ئەو شوێنێكە بۆ كۆكردنەوەی پارچەكانی مووشەك، لەوكاتەی ئاژانسی هەواڵگری بەرگریی ئەمەریكی دەڵێت، ئێران خاوەن گەورەترین پڕۆگرامی لەوجۆرەیە لەژێر زەوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.  






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل