شه‌وی ڕابردوو له ماڵی خۆیدا ته‌قه له فه‌رمانده‌یه‌كی پارتی له هێزه‌كانی 80 ده‌كرێت كه ماڵه‌كه‌ی له به‌رانبه‌ر گوندی كوڵكنی سه‌ر به شاره‌دێی خورماڵه، ئه‌و فه‌رمانده‌یه داوا ده‌كات هێزه ته‌ناهییه‌كان ته‌قه‌كه‌ره‌كه بدۆزنه‌وه و پاڵپشتكهرانی ئاشكرا بكه‌ن.
هیچ كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیم له‌گه‌ڵ كه‌س نییه و گومان له كه‌س ناكەم
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 28ی حوزه‌یران، حه‌مه‌ڕه‌شید محه‌مه‌د ناسراو به حه‌مه‌ڕه‌شید مرواری ئەفسەر بە پلەی عەمید لە یەکەی هەشتای هێزی پێشمەرگە به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، سه‌عات هه‌شت و 50 خوله‌كی شه‌وی ڕابردوو، كاتێك ده‌رگای گه‌راجی ماڵه‌كه‌مم كرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌م ببه‌مه گه‌راج، ته‌قه‌م لێ كرا.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، به‌شێوه‌ی تاك شه‌ش فیشه‌ك به‌ره‌وڕووم ته‌قێنرا و پاش ئه‌وه‌ی هه‌وڵم دا بڕۆمه ماڵه‌وه و چه‌كه‌كه‌م بێنم، جارێكی تر ته‌قه‌م لێ كرایه‌وه، كه ده‌ستم گه‌یشته چه‌ك، ته‌قه‌كه‌ره‌كه به‌ناو باخه‌كه‌مدا ڕای كرد، چه‌ند فیشه‌كێكم به شوێنی‌دا ته‌قاند، ته‌قه‌كه‌ره‌كه یه‌ك كه‌س بوو و له‌به‌رئه‌وه‌ی شه‌و بوو باش نه‌مبینی، به‌ڵام نازانم چه‌ند كه‌سی تری له‌گه‌ڵ بووه.
ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی هێزی پێشمه‌رگه ده‌ڵێ، فیشه‌كم به‌رنه‌كه‌وت و فیشه‌كه‌كان به بلۆكی حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌م كه‌وت و پارچه‌یان لێ بووه‌وه و به‌رم كه‌وت و به سووكی بریندار بووم، وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، هیچ كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ كه‌س نییه و گومان له كه‌س ناكات و ده‌ڵێ، "نه قه‌رزاری كه‌سم و نه كه‌سیش قه‌رزارمه".
حه‌مه‌ڕه‌شید مرواری پله‌ی له فه‌رمانده‌یی هێزه‌كانی 80ی پارتی عه‌میده و وه‌ك خۆی باسی لێوه ده‌كات، ته‌نیا گومانی سیاسی ده‌كه‌م له‌وه‌ی ته‌قه‌م لێ كرابێت، چونكه هیچ شتێكی تر و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیم نییه، پاراستنی سه‌روماڵم له ئه‌ستۆی هێزه‌كانی ته‌ناهیی ناوچه‌كه‌دایه.
"هێزه ته‌ناهییه‌كان دوای ڕووداوه‌كه گه‌یشتنه لامان و قه‌پاخی فیشه‌كه‌كانیان هه‌ڵگرته‌وه، ئاراسته‌ی ته‌قه‌كه‌ره‌كه و چۆنیه‌تیی هاتنی بۆ ناو باخه‌كه و ئاراسته‌ی ته‌قه‌كردنه‌كه‌یان هه‌موو ده‌ستنیشان كرد، چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌كه‌م تاوانباره‌كه بگیرێت و سزا بدرێت". حه‌مه‌ڕه‌شید محه‌مه‌د وای گوت.
هه‌ڵه‌بجه / عه‌زیز ڕه‌سووڵ