لەبارەی كەمبوونەوەی ئاو لە هەولێر ڕوونكردنەوە دەدرێت

:: AM:11:06:29/06/2020 ‌
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، كەمبوونەوەی ئاو بەهۆی كەمبوونەوەی كارەبایە و چەندین باخچەی نایاسایی دروستكراو وایكردووە ئاوێكی زۆر بەفیڕۆ بچێت.

ئەمڕۆ دووشەم 29ـی حوزەیران، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاوی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەهۆی كەمبوونەوەی كارەبای نیشتمانی وایكردووە ئاوی چەند گەڕەكێك كەمببێتەوە، هەروەها چەندین باخچەی نایاسایی لەو شوێنانە دروستكراوە وایكردووە پێدانی ئاو كەمببێتەوە.

خەڵكی ئاوی بە نایاسایی ڕاكێشاوە ئەوەیش لەكاتی پشوو نەبوونی دەوام
بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی، لە چەندین شوێنی هەولێر خەڵكی ئاوی بە نایاسایی ڕاكێشاوە ئەوەیش لەكاتی پشوو نەبوونی دەوام كە كارمەندانمان نەیان توانیووە چاودێری ئەو دۆخە بكەن.

باسی لەوەشكرد، كێشەی كەمی ئاو لە چەند گەڕەكێكی ڕۆژهەڵاتی هەولێر هەبوو، هەوڵی چارەسەركردنی هەیە و بەشێك لەو شوێنانە ئێستە چارەسەری كێشەی كەم ئاویان تەواو بووە و ڕۆژانە سەعاتێك بۆ دوو سەعات ئاویان پێ‌ دەدرێت و هەوڵدەدرێت ئەوەیش زیاتر بكرێت.

ڕوونی كردەوە، ئێستە كارمەندانمان بەردەوامن لەكار كە چەند گەڕەكێكی ڕۆژهەڵاتی هەولێر بخەنە سەر خەزانی ئاوی كەسنەزان بۆ ئەوەی كێشەی كەم ئاویان نەمێنێت.

ئەو گوتانەی بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر لە كاتێكە هەولێر زیاتر لە هەزار و 100 بیرە ئاوی هەیە هەمووی وەستێنراوە و پشت بەئاوی ئیفراز دەبەسترێت.



وشە - رامیار جەواد