چیتر کەس ناتوانێت هەڕەشەی ئابڕوو بردن بکات

:: PM:04:53:29/06/2020 ‌
کچێک لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کوڕێک دەناسێت، دوای ماوەیەکی زۆر قسەکردن بە بڕوای کچەکە یەکتر ناسین، پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کوڕەکە دروست کردووە، چەندان وێنەی ئاسایی و نیمچە ڕووتیشی بۆ ناردووە، پێوندی ئەوکچە لەگەڵ کوڕە قۆزەکەی ناو وێنەکە بە ئاسایی ڕۆیشتووە، تا ئەوکاتەی کچەکە گومان لە کەسایەتی ڕاستەقیەنی کوڕەکە دەکات.

سۆزانی تەمەن 22 ساڵ لە شارەدێی بەردە ڕەش دەژیت، دوای ئەوەی لەڕێگەی فەیسبووکەوە ئازادی ناسیوە کە بەگوێرەی قسەی کوڕەکەبێت خەڵک و دانیشتووی هەولێرە، پێوەندییەکی قوڵ دروست دەکەن بێ ئەوەی لە نزیکەوە یەک بناسن و یەکتری ببینن، پێوەندیەکە تا ئەوکاتە بەردەوام دەبێت کە سۆزان بەسوتفە لە فەیسبووک خاوەنی ڕاستە قینەی ئەو وێنا جوانانە دەدۆزێتەوە کە ماوەی نزیک ساڵێکە قسەی لەگەڵ کردووە، کاتێک بە کوڕەکە دەڵێت ئەویش مەرامی خۆی پێدەڵێت و دەیخاتە ژێر باری هەڕەشەوە.

ئەوکوڕە نە داوای پێوەندی سێکسی لە کچە کە دەکات نە پارە، پێی گوتووە کە دەبێت هەموو هاوڕێکانی ڕازی بکات پێوەندی لەگەڵ دابنێن و هاوشێوەی ئەو وێنەی بۆ بنێرن و قسەی لەگەڵ بکەن، ئەگەر وانەکات هەموو وێنەکانی بڵاودەکاتەوە و ئابڕووی دەبات.

سۆزان دەکەوێتە پەلەقاژەی ڕێگا چەار و پەنا بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان دەبات، لەو بەڕێوەبەرایەتییە لە ڕێگەی پلانێکی تایبەتەوە دەتوانن بگەن بە کەسایەتی ڕاستەقینەی کوڕەکە، پاشان دەیگرن و خێزانی کوڕەکە ئاگادار دەکەنەوە وهەموو وێنەی ئەو کچە و کچەکانی تریش کە لەبەردەستی هەبووە پێی دەسڕنەوە، بەڵێننامەی پێ پڕدەکەنەوە، لەحاڵەتی دووبارەبوونەوەی کەیسەکە دەدرێتە دادگا، لەو حاڵەتە و هەندێک حاڵەتی تر کچەکان ڕێگە نادەن ماڵی باوکیان بزانێت، بۆیە هەر لە بەڕێوەبەرایەتییەکان چارەسەر دەکرێت و نادرێت بە دادگا، بەڵام ئەگەر کچەکە خۆی بیهەوێت کەیسەکەی دەبرێتە دادگا و کەسەکە سزا دەدرێت.

ئەمە نموونەی یەکێک بوو لەو کەیسانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، توانراوە چارەسەربکرێت بە دۆزینەوەی کەسەکە، بەڵام سەدان کەیس هەن ناتوانرێت کەسەکە بناسرێت، بۆیە لێکەوتەی خراپی لێ دەکەوێتەوە کە هەندێک جار جگە لە تێکچوونی باری دەروونی، حاڵەتی خۆکوشتنیش ڕوودەدات.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان وخێزان، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، پڕۆژەی دروستکردنی "ژووری نەهێشتنی تاوانە ئەلیکترۆنیەکان"یان پێشکەش بە ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆکاروباری ژنان کردووە، یەکەم کۆبوونەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە ئەنجام دراوە و پێشبینی دەکرێت لەماوەیەکی کەمدا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. 
 
ئاری رەفیق، جێگری بەڕێوە بەری گشتی، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان، سەبارەت بەو پڕۆژەیە کە خۆی دایڕشتووە و سەرپەرشتی دەکات، بە "وشە" ڕاگەیاند، ئەگەر ئەم ژوورە دابنرێت و ئامێری پێویست دەستەبەر بکرێت، دەتوانرێت ژیانی سەدان کەس ڕزگار بکرێت لە تەنگژەی دەروونی و لە تەڵاق و بەتایەبت خۆکوشتن، چونکە زۆر بە ئاسانی لە رێگەی ئامێری "جی پی ئێس"ی تایبەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، دەتوانین بگەین بە هەموو ئەوکەسانەی لەڕێگەی تۆڕەکانەوە هەڕەشە دەکەن بۆ ئەوەی بیانخەینە بەردەم لێکۆڵینەوە و سزا.

 ئەو بەرپرسە باسی ئامانجەکانی ئەو پڕۆژەیە دەکات و دەڵێت، لە قۆناغی ئێستادا لە کوردستان گرنگترین شت ئەوەیە بتوانرێت سنوور لە بەردەم ئەو بەربڵاوییە نا بەرپرسیارانەی بەکار هێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دابنرێت کە ئێستا زەقترین و گەورەترین جۆری توندووتیژییە بەرامبەر تاک بەگشتی و ئافرەتان بەتایبەتی دەکرێت و ساڵانە زیاتر لە هەزار قوربانی لێدەکەوێتەوە.

ڕیکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان بەڵێنیان بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان داوە کە هاریکاربن لە کردنەوەی "ژووری نەهێشتنی تاوانە ئەلیکترۆنیەکان" بە دابینکردنی ئامێری پێشکەوتوو بۆ ئەوەی بتوانرێت بە ئاسانترین شێوە هەڕەشەکار بدۆزێتەوە. 

ئاری رەفیق دووپاتی دەکاتەوە، لەدوای کرانەوەی  "ژووری نەهێشتنی تاوانە ئەلیکترۆنیەکان"  ڕێژەی خۆکوژی و تەڵاق و فشارە دەروونییەکان کەم دەبنەوە، چونکە تەنیا لە نۆ مانگی ساڵی ڕابردوو هەزار و 50 کەس لەبەر هەڕەشەی ئەلیکترۆنی خۆیان کوشتووە، خۆکوژەکانیش تەنیا ژن نین بەڵكو پیاویشیان تێدایە، بەڵام ڕیژەی ژنان زیاترە، لەوەڕا دەردەکەوێت، تەنیا ژنان نین لەژێر هەڕەشەی ئەلیکترۆنیدان، بەڵکو پیاوانیش لە هەمان بارودۆخدان، بەڵام کەمتر.

کاتێک کەسێک لە ڕێگەی ژمارەیەکی کۆڕەکی بێ ناسنامەوە هەڕەشە دەکات و ژیانی کەسێک دەخاتە ژێر مەترسییەوە، ئەوا لە کۆمپانیای کۆڕەکەوە لە ڕێگەی ئامێری "جی پی ئێس" ڕاستەوخۆ شوێنی بەکارهێنەرەکە بە هەموو وردەکارییەکانیەوە دیاری دەکرێت، بەمجۆرە گرتنی هەرەشەکارانی هێڵی پەندی زۆر ئاسان بووە، ئەوەی ئێستا  بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان هەوڵی بۆ دەدات، دابینکردنی "جی پی ئێس"ی هاوشێوەیە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، تاوەکو بە هەمان ئاسانکاری بتوانن هەڕەشەکارانی تۆڕەکان بدۆزنەوە کە هەندێکیان بۆ مەرامی کەسی و هەندێکیش بە شێوەی گروپ ئیش لەسەر ئابڕووبردن یان بەدەستهێنانی پارە لەو ڕێگەیەوە دەدەن.

تێبینی/ ئەم کەیسەی لە سەرەوە ئاماژەی پێ دراوە، ناوەکانی خوازراون و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان چارەسەری بۆکراوە و تۆمارەکان لەلای "وشە" پارێزراون.


وشە - ئيڤان عەبدولڕەحمان