به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی كۆماری سلێمانی رای ده‌گه‌یه‌نێت، له ئه‌مڕۆوه ده‌ستیان كردووه به پێدانی ده‌رمانێكی تایبه‌ت بۆ تووشبووانی كۆرۆنا و ئاشكرای ده‌كات، ده‌رمانه‌كه له ده‌ره‌وه هاتووه و له وڵاتانیش بۆ تووشبووانی كۆرۆنا به‌كار هێنراوه و سوودی هه‌یه.
دەرمانەکە بۆ ئەوانە بەکار دەهێنرێت كێشه‌ی هه‌ناسه‌دان و سییه‌كانیان هه‌یه
ئه‌مڕۆ سێشه‌م یه‌كی ته‌مووز، داهات حه‌وێزی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی نه‌خۆشخانه‌ی كۆماری سلێمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، له ئه‌مڕۆوه ده‌ستمان كردووه به پێدانی ده‌رمانێكی تایبه‌ت بۆ تووشبووانی كۆرۆنا، تایبه‌ت بۆ ئه‌وانه‌ی كه كێشه‌ی هه‌ناسه‌دان و سییه‌كانیان هه‌یه.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، ده‌رمانه‌كه ده‌درێت به‌و نه‌خۆشانه تا سیستمی به‌رگری له‌شیان به‌هێز بێت و بتوانن خۆیان به‌رانبه‌ر ڤایرۆسه‌كه بگرن، ئه‌و ده‌رمانه له ده‌ره‌وه هاتووه و له وڵاتانی ئه‌وروپیش به‌تایبه‌تی به‌ریتانیا بۆ تووشبووانی كۆرۆنا به‌كار هاتووه، سوودێكی زۆر باشی هه‌یه بۆ ئه‌وانه‌ی ڤایرۆسه‌كه كاری له سییه‌كانیان كردووه.
"ده‌رمانه‌كه ناوی "ivig" ئای ڤی ئای جییه و ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشانه تاقیمان كردووه‌ته‌وه كه ئه‌و كێشه‌یان هه‌یه، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین له رۆژانی داهاتوو كاریگه‌رییه‌كانی ده‌ربكه‌وێت، چونكه به‌شێك له‌وانه‌ی تووشی كۆرۆنا بوون كێشه‌ی هه‌وكردنی سه‌ختی سییه‌كانیان هه‌یه". د. داهات حه‌وێزی وای گوت.
به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی كۆماری سلێمانی دووپاتی ده‌كاته‌وه، ده‌رمانه‌كه بۆ هه‌موو نه‌خۆشه‌كان به‌كار ناهێنرێت و ته‌نیا بۆ حاڵه‌تی تایبه‌ته، ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته هه‌ڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا، كێشه‌ی هه‌وكردنیان هه‌یه، ئه‌و ده‌رمانه‌یان پێ ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌رگریی له‌شیان به‌هێز بكات و به‌رگه‌ی نه‌خۆشییه‌كه بگرن.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی