ڕۆژه گرنگه‌كان بۆ هاووڵاتییانی كوردستان ده‌ستیان پێ كرد، ئه‌مڕۆ یه‌كی ته‌مووز یاسای چاكسازی كه‌وته بواری جێبه‌جێكردن و شاره‌زایان پێیان وایه سه‌ره‌تایه‌كه بۆ هه‌ستانه‌وه و رێكخستنه‌وه‌ی سیستمی ئیداری كوردستان كه له ۲۷ ساڵی رابردوودا گه‌نده‌ڵی گه‌وره‌ی تێدا كراوه. له‌گه‌ڵ چوونه بواری جێبه‌جێكردنی یه‌كه‌م پڕۆژه‌یاسای چاكسازی، هاووڵاتییان له بواره جیاوازه‌كان تێڕوانین و پێشبینی جیاوازیان هه‌یه، هه‌ریه‌كیان به‌پێی پیشه‌كه‌ی خۆی له‌ڕێی "وشه"وه باس له گرنگی پڕۆژه‌یاساكه ده‌كات بۆ هاووڵاتییان له كه‌رته جیاوازه‌كان.
زانا محه‌مه‌د ڕه‌حمان كه كارمه‌ندی ته‌ندروستییه، باس له گۆڕانكارییه پێشبینیكراوه‌كان ده‌كات له قۆناغی چاكسازی و دوای چاكسازیدا و ده‌ڵێت، دۆخی كوردستان ئه‌وه‌نده به‌س نییه كه سه‌رۆكێك له چوارچێوه‌ی پڕۆژه یاسایه‌ك چاكسازی ڕابگه‌یه‌نێ، به‌ڵكو هێزێكی پێویسته بۆ جێبه‌جێكردنی یاسایه‌ك، خۆشبه‌ختانه كوردیش ئێسته خاوه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانێكی وایه كه چاوه‌ڕوانی زۆر گه‌وره‌ی لێ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه پشتیوانی لایه‌نه‌كانه بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه تا بزانین چه‌ندان ساڵه ده‌ڵێن چاكسازی با بكرێت، ئێسته له ئه‌رزی واقیع له‌گه‌ڵ چاكسازین یان نا. پێویسته خه‌ڵكی كوردستانیش له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی حزبایه‌تی پشتیوانی جه‌نابی سه‌رۆك بكه‌ن، چونكه جێبه‌جێكردنی ئه‌م پڕۆژه‌یه بۆ دۆخی كوردستان و ڕێكخستنه‌وه‌ی هه‌نگاوێكی كاریگه‌ر و به‌جێ ده‌بێت، پێویسته شانبه‌شانی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش پڕۆژه له سێكته‌ره‌كانیتر جێبه‌جێ بكرێ بۆ به‌ره‌وپێشبردن و فره سه‌رچاوه‌یی له داهات.
زیاتر گوتى، من گه‌شبینم و ناڵێم سبه‌ی و مانگێكی تر، به‌ڵام ئه‌م كابینه‌یه ده‌بێته كابینه‌ی وه‌رچارخانه گه‌وره‌كه كه زۆر شت ده‌باته‌وه سه‌ر سكه‌ی خۆی، مه‌رج نییه له ساڵێكدا ته‌واوی ئه‌م پڕۆژه یاسایه جێبه‌جێ بكرێت، ڕه‌نگه 100% یه‌كسانی له نێوان چینی ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژار دروست نه‌كات، به‌ڵام تا ئاستێك ڕه‌نگه جیاوازییه‌كان كه‌متر بكاته‌وه، له ڕوانگه‌ی ئێمه‌ی ته‌ندروستكار پێشبینی ئه‌وه ده‌كه‌م خاڵی ئه‌رێنی هه‌بێ و كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، به‌لای كه‌رتی ته‌ندروستی جا چ له‌ڕووی دامه‌زراندن له كه‌رتی حكوومی و تایبه‌ت و به سیستمكردنیان، دووباره چاوپێخشاندنه‌وه به‌مووچه و شایسته داراییه‌كانی ته‌ندروستكاران، یان كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی زیاتر و زه‌خیره‌كردنیان له‌ڕووی دا‌و و ده‌رمان و پزیشك و كارمه‌ندان و پێداویستییه پزیشكییه‌كان.
حه‌سه‌ن مسته‌فا مامۆستای زانكۆ له پسپۆڕی یاسای گشتی، به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی باس له یاسای چاكسازی ده‌كات و ده‌ڵێ، چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی پێویست و گرنگه و جۆرێكه له گونجان له‌گه‌ڵ ویستی گشتی تاكه‌كان و داواكاری شه‌قام و رێكخستنی ئیداری و سیاسی و هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی. له‌باره‌ی یاسای چاكسازی ژماره (2)ی ساڵی 2020 ی تایبه‌ت به چاكسازی له مووچه و ده‌رماڵه و ئیمتیازه‌كان و خانه‌نشین له هه‌رێمی كوردستاندا، به‌خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌كانی یاساكه، هه‌ر له ناونیشانه‌كه‌یدا به ڕوونی دیاره كه ئه‌م یاسایه تایبه‌ته به رێكخستنی ئیداری و گۆڕانكاری له یاسای مووچه و ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌ران، چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی فراوانه و هه‌مه‌لایه‌نه‌یه و ته‌نیا له سێكته‌ری ئیداری قه‌تیس ناكرێت.
له ماده‌ی یه‌كه‌می یاساكه‌دا به‌رجه‌سته‌كردنی دادپه‌وه‌ری له خه‌رجكردنی مووچه و ئیمتیازه‌كان و رێگرتن له به‌هه‌ده‌ردانی سامان و بودجه‌ی گشتی وه‌ك ئامانجی سه‌ره‌كی یاساكه ده‌قنووسكراوه، ئه‌مه هه‌نگاوێكی گرنگه، به‌ڵام به‌مه‌رجێك دادپه‌روه‌ری پیشه‌یی و كاركردن له چۆنیه‌تی مووچه و پله‌ی وه‌زیفی بهێنرێته دی و فه‌رمانبه‌رانی فیعلی له به‌رانبه‌ر ئه‌و ئه‌ركه‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، مافی ته‌واویان پێ بدرێت، نه‌ك به‌پێچه‌وانه‌وه فه‌رمانبه‌ری فیعلی دووچاری مووچه‌بڕین بكرێته‌وه، ئه‌وكات پرۆسه‌ی چاكسازی ده‌بێته هۆكارێك بۆ گه‌نده‌ڵی ئیداری و زۆربوونی به‌رتیل، چونكه توێژینه‌وه‌كانی بواری زانستی یاسا ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه، هه‌ر كاتێك فه‌رمانبه‌ری فیعلی مافێكی هاوشانی ئه‌ركه‌كه‌ی پێ نه‌درێت، كه‌چی كه‌سانێكی تر به نایاسایی له داهاتی وڵات سوودمه‌ند بن، ئه‌وا فه‌رمانبه‌رانی فیعلیش بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێویستییه‌كانی ژیانیان ڕه‌نگه دووچاری به‌رتیل و سوودوه‌رگرتنی ناڕه‌وا له وه‌زیفه‌ی گشتی ببنه‌وه.
به گشتی یاساكه كۆمه‌ڵیك بڕگه و خاڵی گرنگی تێدایه، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی یه‌كخستن و پاككردنه‌وه‌ی لیستی فه‌رمانبه‌رانی نایاسایی و رێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و بێسه‌روبه‌رییه‌ی له مووچه و ده‌ڕماڵه‌كانی هێزه‌كانی ئاسایش و پێشمه‌رگه و پله‌تایبه‌ته‌كاندا هه‌ن، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت، به ته‌نیا بوونی ده‌ق و تێكستی یاسایی جوان ریزكردنی بڕگه و ماده‌ی یاسایی له دوای یه‌كتر، نابنه گره‌نتی چاكسازی یاسایی، چونكه بوونی ئیراده‌یه‌كی سیاسی رژد له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵات له جێبه‌جێكردنی یاساكه، ده‌بنه گره‌نتی بۆ هێنانه‌دی چاكسازی، چونكه به درێژایی مێژووی حوكمڕانی له عێراق و ته‌نانه‌ت كوردستانیشدا، زۆرجار هه‌وڵی چاكسازی و به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی و هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری پره‌نسیپی شه‌فافییه‌ت دراوه، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی چاكسازی سیاسی و ئیراده‌ی رژد، هه‌وڵه‌كان ته‌نیا له چوارچێوه‌ی مه‌تنی یاسایی ماونه‌ته‌وه، به تێڕوانینی خۆم، ئه‌م یاسایه زیاتر ده‌چێته‌ی چوارچێوه‌ی یاساكانی رێكخستنی وه‌زیفه‌ی گشتی وه‌ك له‌وه‌ی یاسای چاكسازی بێت، چونكه چاكسازی پرۆسه‌یه‌كی فراوان و گشتگیره و سه‌ره‌تای له چاكسازی سیاسییه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات كه ڕه‌گوڕیشه‌ی قه‌یران و نادادییه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا.
به‌سۆز تۆفیقی ڕاگه‌یاندكار باسی مووچه‌ی هاووڵاتییان له پله جیاوازه‌كان ده‌كات له پڕۆژه یاساكه‌دا و ده‌ڵێت، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی دڵخۆش و گه‌شبینم به‌وه‌ی یاسای چاكسازی چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، هه‌مووكه‌س دڵخۆش ده‌بن به چاكسازی، هه‌موو تاكێك له ژیانی خۆی پێویستی به پێداچوونه‌وه و گۆڕانكاری و ڕێكخستنه‌وه هه‌یه، بێگومان ئه‌مه به‌لای حكوومه‌تیشه‌وه به‌هه‌مانشێوه ڕاسته چاكسازی به‌ڕاستی گرنگه له هه‌موو بواره‌كاندا بكرێت، به‌تایبه‌تی خه‌ڵكی كوردستان ئێسته‌ی چاوی له‌سه‌ر مووچه‌یه كه بۆ زۆریان تاكه سه‌رچاوه‌ی ژیانه، بۆیه هیوادارم ئه‌م پڕۆژه چاكسازییه كه به‌شێكی پێوه‌ندی به مووچه‌وه هه‌یه، ئه‌و چاكسازییه له بواری بندیوار و پله‌باڵاكان، به‌زووترین كات بچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، هیواخوازیشم كاریگه‌ریی نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی مووچه‌یان كه‌مه. له‌باره‌ی یه‌كه‌م پڕۆژه‌ش، ئه‌م ڕێكخستنه‌وه‌یه كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر خه‌ڵك به‌گشتی، چونكه هاووڵاتییه‌كی زۆر هه‌ن ناتوانن نیشته‌جێی ئه‌و پڕۆژانه ببن به‌هۆی ئه‌و بڕه زۆره‌ی وه‌ك خزمه‌تگوزاری وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنی یاساكه به قازانجی گشتی ده‌شكێته‌وه.
ژاڵه به‌رزنجیی فه‌رمانبه‌ر، به‌توندی باسی گه‌نده‌ڵییه‌كان ده‌كات كه له ڕابردوودا كراون و ئه‌نجامدانی چاكسازی به گرنگترین هه‌نگاو داده‌نێت. گه‌نده‌ڵی وه‌ك ڤایرۆسێك كه كوشنده‌تر له كۆرۆنا و شێرپه‌نجه به‌ناو سه‌رجه‌م كه‌له‌به‌ری ژیانماندا بڵاو بووه‌ته‌وه و ره‌گی داكوتیوه، بۆیه ئیتر ده‌بێ كاتی ئه‌وه بێت چاكسازی و پاكسازی له‌م په‌تا كوشنده‌یه بكرێت و چیتر ھه‌ندێ كه‌س ژیانیان خۆش نه‌بێت له‌سه‌ر حیسابی تاكی داماو، بۆیه زۆر دڵخۆشم كه ده‌ست كراوه به‌م ھه‌نگاوه، به‌ڵام به ھیوام ڕیشه‌یی و سه‌رانسه‌ری بێت. جیاكاری تێدا نه‌بێت و ورد و درشت بگرێته‌وه، قه‌باره‌ی گه‌نده‌ڵییه‌كان جیاوازن، ھیوادارم ڕه‌حم به‌كه‌س نه‌كرێت.
سینه‌ماكارانیش له دیدێكی هونه‌ریی جیاوازه‌وه بۆ پڕۆژه‌ی چاكسازی ده‌ڕوانن، میران دزه‌یی وه‌ك سینه‌ماكارێك له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی پڕۆژه یاساكه گوتی، ئه‌گه‌ر پڕۆژه یاساكان به‌ته‌واوی جێبه‌جێ بكرێن، ئه‌وا له‌بواری هونه‌ریدا ڕه‌نگدانه‌وه و گرنگی گه‌وره‌ی ده‌بێت، ئه‌مه له داهاتوودا له دراما و فیلمه‌كاندا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌بێت، دواتر ده‌توانرێت هه‌ر له‌ڕێی به‌رهه‌مه‌كانه‌وه خه‌ڵك له گرنگی ئه‌م چاكسازییه بگه‌یه‌نرێت.
ژیوار عه‌بدولڕه‌حمان به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕی له یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانی سلێمانی، له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی یاساكه گوتی، پێره‌وكردنی یاسای چاكسازی ده‌رفه‌تێكی باشه بۆ حكوومه‌ت كه خه‌رجی له‌سه‌ر خۆی كه‌م بكاته‌وه و جارێكی تر به‌و ژمارانه‌دا بڕواته‌وه كه ئێسته كه‌ڵه‌كه بووه له‌سه‌ری و ناتوانێت به‌هۆی گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆر له بودجه‌ی مووچه‌دا خۆی ده‌رباز بكات, یاسای چاكسازی له سه‌ره‌تادا كار له‌سه‌ر دوو شت ده‌كات كه هه‌ردووكی ده‌بێته هۆی قازانجێكی زۆر باش بۆ هاووڵاتییان، وه‌ك:
- چاكسازی ده‌كرێت له بازاڕی ئازاد‌دا وا له بازرگانان و كاسبكاران یكات كه پێره‌وی یاسایه‌كی گشتگیری رێكخراو بكات كه ده‌بێته هۆی رێكخستنه‌وه‌ی بازاڕی ئازاد و وا له بازرگانان ده‌كات به ویستی خۆیان نرخ له‌سه‌ر شت و مه‌كه‌كان داده‌نێن.
- چاكسازی له مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و بڕینی مووچه‌ی بندیواره‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی مووچه‌ی خانه‌نشینی پله‌باڵاكان كه ئه‌مانه هه‌مووی بوونه‌ته كۆسپ له به‌رده‌م مووچه‌ی فه‌رمانبه‌راندا، خراپی رێكخستنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران وای كردووه حكوومه‌ت نه‌توانێت له كاتی خۆیدا مووچه‌ی ته‌واو بدرێت به فه‌رمانبه‌ران.
ئه‌م هه‌نگاوه دوای زیاتر له چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك له مێژووی كورد، به‌یه‌كه‌م و گرنگترین هه‌نگاوی جێبه‌جێكردنی كرده‌ی بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتییان به‌تایبه‌ت چینی مامناوه‌ند و هه‌ژار داده‌نرێت، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات خه‌ڵك له‌و چاوه‌ڕوانییه گه‌شبینه‌ی له حكوومه‌تی نوێی هه‌بوو، گه‌شتر ببێت.