هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا نزیك بووەتەوە و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا پارتەكەی لە كێبەركێی بەهێزن لەگەڵ دیموكراتەكان، كە دۆسیەی رێككەوتنی ئەتۆمی و سزاكانی سەر ئەو وڵاتە بابەتێكی گەرمی كێبەركێكانە، هاوكات پرسی لابردنی سزای كڕٍینی چەك بەسەر ئێران، بابەتێكی تری گەرمە، رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی ئاماژە دەكات ئێران خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوە ئامادە كردووە.
ئێران لەسەر چەند تەوەرێك لەدژی ئەمەریكا كار دەكات
ئێران پەنا بۆ چین و رووسیا و میلیشیاكانی لە ناوچەكە دەبات بۆ شكستهێنان بە هەوڵەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا بۆ رێگرتن لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ لابردنی سزای كڕینی چەك لەسەر ئێران، كە بڕیارە لە ئۆكتۆبەری داهاتوو كۆتایی بێت، لەوكاتەی ئەمەریكا بۆ پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە گوشار بۆ مانەوەی سزاكە دەكات مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گوتی، رێگەدان بە كڕینی چەك لەلایەن ئێران، سزای وێرانكەری هەیە بۆ ناوچەكە و ئابوورییەكەی و ئازادی هاتوچۆی دەریاوانی و بازرگانی تیایدا.
برایان هوك، نێردراوی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئێران دەڵێت، لابردنی سزاكە بەسەر ئێران رێگەی پێ دەدات بە كڕینی فڕۆكەی جەنگی و و كۆپتەر و كەشتی جەنگی و سیستمی تۆهاوێژی قوڕس و مووشەكی مەودا جیاواز، ئەوكاتیش دەتوانێت ئەو چەكانە بداتە باڵەكانی لە ناوچەكە وەك حزبوڵای لبنانی و گرووپە فەڵەستینییەكان و میلیشیاكانی لە عێراق و بەحرێن و حوسییەكانی یەمەن، بۆیە دوایین شت كە ناوچەكە پێویستی پێی بێت چەكی ئێرانییە.
رۆژنامەی "جۆرزالیم پۆست"ی ئیسرائیلی دەڵێت، تاران خۆی بۆ ململانێیكی گەورە لەگەڵ ئەمەریكا بۆ ئەم هاوینە ئامادە كردووە، واتە بەر لە 18ی ئۆكتۆبەری داهاتوو كە وادەی كۆتاهاتنی سزای كڕینی چەكە لەلایەن ئێران و ئەو پلانێكی چەند تەوەری ئامادە كردووە.
بەپێی رۆژنامەكە ئێران لەگەڵ رووسیا و چین كار بۆ شكستهێنان بە هەوڵەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا دەكات بۆ رێگرتن لە لابردنی سزاكە، لەوكاتەی لەگەڵ توركیا بۆ خۆدزینەوە لە سزاكانی ئەمەریكا كار دەكات، بۆیە هەوڵی دروستكردنی ئەوپەڕی گوشار بۆ سەر ئەمەریكا دەدات و لە مانگی رابردووەوە دەستی پێ كردووە تا یۆلیۆی داهاتوو بەردەوام دەبێت، پلانەكەیش لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان و قەتەڕ و ئەفغانستان تاوتوێ دەكات كە هێزەكانی ئەمەریكا لەخۆ دەگرن.
هەروەها تاران هەوڵی هاندانی میلیشیاكانی لە عێراق دەدات بۆ شەڕفرۆشتن بە ئەمەریكا، لەوكاتەی هانی حەماسی فەڵەستین و حوسییەكانی یەمەن دەدات بۆ هەڵدانی مووشەك و رێكخستنی خۆپێشاندان لە سووریا.