شرۆڤەكارێك: كازمی ویستی رژدبوونی لە لاوازكردنی دەسەڵاتی ئێران پێشان بدات

:: PM:08:36:01/07/2020 ‌

پێنجشەمی رابردوو هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق هەڵیان كوتایە سەر بارەگایەكی حزبوڵا و ژمارەیەك ئەندامی گرووپەكەیان گرت، شرۆڤەكارێكی سیاسی دووپاتی كردەوە، مستەفا كازمی ویستی بەو هەنگاوە پاڵپشتی زیاتری جەماوەری بەدەست بێنێت و رژدی پێشان بدات بەوەی كار بۆ لاوازكردنی دەسەڵاتی ئێران و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت دەكات.
كازمی سەردانێكی چاوەڕوانكراوی بۆ كۆشكی سپی هەیە
ئەحمەد خزر، شرۆڤەكاری سیاسی لەو بارەوە بە "وشە"ی گوت، هۆكارەكانی وایان كرد كە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هەنگاوێكی وا باوێت، كە هەنگاوێكی بوێرانە و بەهێز بوو، ئەویەش بە هەڵكوتانە سەر ئەو شوێنانەی تیایاندا مووشەكبارانی نێردە دەیپلۆماسییەكان لە بەغدا دەكرا، لەوانەیش باڵوێزخانەی ئەمەریكا و رەنگە چەند ئامانجێكی تری ئەو وڵاتە كە شوێنەكان عێراقین و مێوانداری هێزی هاوپەیمانانی تیادا دەكرێت.

روونی كردەوە، یەكەم هۆكار خواستی كازمی بوو بە پێڕەوكردنی سیاسەتی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و بەهێزكردنی سیستمی دامەزراوەكانی دەوڵەت لە بەرانبەر ئەوەی ناو دەبرێت بە پشێوی چەك و بوونی لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، دووەم هۆكار پێشاندانی وێنەیەك بوو بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی ئەمەریكا بەوەی حكوومەتەكەی رژدە لە لاوازكردنی دەسەڵاتی ئێران لە عێراق و لە سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، بەشێوەیەك سەلامەتی و ئاسایش بۆ نێردە دیپلۆماسییەكەی لە عێراق فەراهەم بكات و بەرژەوەندییەكانی بپارێزێت، جیا لەوەی پاڵپشتییەكەی لەلایەن واشنتن زیاد بكات، چونكە وەك دەزانن سەردانێكی چاوەڕوانكراوی كازمی بۆ كۆشكی سپی هەیە.

"هۆكاری سێیەم بەهۆی داوای راوێژكارانی بووە كە لە ریزی خۆپێشاندەران بۆخۆی دایمەزراندوون و لە بزاوی خۆپێشاندەرانی تشرین نزیكن، كە زیاتر لە شەش راوێژكارن و ئەوانە رێككەوتوون بەوەی ئەنجامدانی ئەو هەنگاوە پاڵپشتی جەماوەری كازمی زیاد دەكات، بەتایبەتی لای خۆپێشاندەران كە تا ئێستە بەشی زۆریان وا سەیری دەكەن سەر بە حزبەكانە لەوانەی بەشداریان لە سەركوتكردنی وان كردووە، بۆیە هەموو ئەو هۆكارانە وایان كرد كە كازمی فەرمانێكی دادوەری دەربكات و هەڵبكوترێتە سەر ئەو شوێنە"، خزر وای گوت.  

شایەنی باسە دوای رووداوەكەی شەوی پێنجشەمی رابردوو كە 14 ئەندامی حزبوڵا بە دوو سەكۆی هەڵدانی مووشەكی ئامادەكراو گیران، هێزەكانی حزبوڵا و گرووپەكانیتری حەشدی شەعبی رژانە سەر شەقامەكانی بەغدا و ناو ناوچەی سەوز و هەڕەشەیان لە كازمی كرد، جیا لەو هەڵمەتە راگەیاندنەی میدیاكانی سەر بە هێزە شیعەكانی نزیك لە ئێران لەدژی كازمی دەستیان پێ كردووە، ئەوەیش وای كرد كە هەوڵێك بدرێت بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و ئەمڕۆ كازمی فەرماندەكانی حەشدی شەعبی و دژەتیرۆری عێراقی كۆكردەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل