زانایان له زۆر وڵات رۆبۆت له پێناوی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی دروست ده‌كه‌ن وه‌ك زانایانی ژاپۆن، چین، ئه‌مه‌ریكا، فڕه‌نسا و زۆر وڵاتی تر. رۆبۆته‌كان له فه‌رمانگه و چێشتخانه و زۆر شوێنی تر كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مین جاره رۆبۆتێك دروست بكرێ و ئاماده بكرێت بۆ بینینی رۆڵی سه‌ره‌كی له فیلمێكی سینه‌ماییدا، ئه‌ویش رۆبۆتێكی ژنه.
تێچووی فیلمه‌کە سه‌رووی 70 ملیۆن دۆلاره
پێگه‌ی "
ئیلاف" ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م دووی ته‌مووز بڵاوی كردووه‌ته‌وه، زانایانی ژاپۆن رۆبۆتێكیان دروست كردووه و ناوی "ئیریكا"یان لێ ناوه، ئه‌و رۆبۆته ئاماده كراوه بۆ ئه‌وه‌ی له فیلمێكی سینه‌ماییدا رۆڵی پاڵه‌وانی سه‌ره‌كی ببینێت و فیلمه‌كه‌یش به‌ناوی "بی"یه.
پێگه عه‌ره‌بییه‌كه كه له پێگه‌ی "سكای نیوز"ی وه‌رگرتووه، تێچووی ئه‌و فیلمه "بی" سه‌رووی 70 ملیۆن دۆلاره. وێنه‌گرتنی فیلمه‌كه له ساڵی رابردووه‌وه ده‌ستی پێ كردووه كه ته‌واوی له ژاپۆن بووه. به‌رهه‌مهێنه‌رانی فیلمه‌كه ماوه‌یه‌كی كه‌مه له وێنه‌گرتن وه‌ستاون كه ئه‌ویش به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌یه.
پێگه‌كه زیاتر روونی كردووه‌ته‌وه، زۆرجار رۆبۆت له فیلمی خه‌یاڵیی زانستی به‌كار هێنراوه، به‌ڵام له‌م فیلمه‌دا ئیریكای رۆبۆت خۆی ده‌بێته پاڵه‌وان و وه‌ك رۆبۆتیش رۆڵ ده‌بینێ. چاوه‌ڕێ ده‌كرێ بۆ كاری هونه‌ری و دروست بۆ فیلمی سینمایی، زۆر رۆبۆتی تر دروست بكرێن و تایبه‌ت بۆ فیلم ئاماده بكرێن.
دروستكردنی ئیریكا له‌لایه‌ن زانایان هێرۆشی ئیشیگۆر و كۆهی ئۆگاواوه بووه و ماوه‌ی دوو ساڵی پێ چووه تا بۆ بینینی رۆڵ له سینه‌مادا له 2018 ئاماده كراوه. به‌رله‌وه‌ی له فیلمه‌كه‌دا رۆڵ بگێڕێت، وه‌ك بێژه‌ر و خوێندنه‌وه‌ی هه‌واڵ به‌كار هێنراوه و ئه‌وه‌یش وه‌ك تێست بووه.