فەرماندەیەكی داعش بە 30 ساڵ زیندانی حوكم درا

:: AM:10:01:04/07/2020 ‌
یەكێك لە فەرماندەكانی داعش كە خەڵكی فڕەنسا بوو لە دادگایەكی ئەو وڵاتەدا بە 30 ساڵ زیندانی حوكم درا. حوكمدراوەكە رۆڵی هەبووە لە كوشتنی كەسانی بێتاوان.

تایلێر ویلۆس یەكێك لە مەترسیدارترین ئەو تیرۆریستانە بوو كە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگی، فەرماندەییكردنی گرووپێكی تیرۆریستی دادگایی كرا. داواكاری گشتی داوای زیندانیی تاهەتایی بۆ ئەو تیرۆریستە كردبوو، بەڵام دواجار دادگا بڕیاری 30 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپاند.

ئەوە سەلمێنرابوو تایلێر لە كوشتنی دوو زیندانی دەستی هەبوو و لە ڤیدیۆیەكدا كە داعش لە ساڵی 2015 بڵاوی كردبووەوە، دوو بەندكراو دەبینرێن كە دەست و چاویان بەستراوە و یەكێك تەقەیان لێ دەكات و دەیانكوژێت.
داواكاری گشتی پێی باش بووە سزاكەی زیندانیی تاهەتایی بێت

بەگوێرەی "دۆیچەوێلە" لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا تایلێر دەبینرێت كە دەمامكی بەستووە و چەكێكی بەدەستەوە گرتووە. داواكاری گشتی پێی باش بووە سزاكەی زیندانیی تاهەتایی بێت، چونكە لەو كاتەوە گیراوە هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر بۆچوونەكانی نەهاتووە و پەشیمان نەبووەتەوە.

دوای ئەوەی تایلێر خۆی دەگەیەنێتە ریزی تیرۆریستانی داعش، بۆ ماوەیەك لە ناو ئەم رێكخراوەدا  پۆلیس بووە و دواتر پلەی ئەمیری پێ دراوە. رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە نەورۆزی 2019 بە تەواوی رووخا و بۆ ماوە پێنج ساڵ گەورەترین تاوانی دژەمرۆیی ئەنجام دا.


وشە - سلێمان تاشان