بەرپرسێكی تەندروستی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، ئێمە لەگەڵ شێوازێكی قەدەغەی هاتوچۆین كە نەبێتە هۆكاری وەستانی كار و كەسابەتی هاووڵاتییان.
ئەمڕۆ شەموو چواری تەمووز، بژار مووسا گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەك تەندروستی هەولێر ئێمە لەگەڵ كەمكردنەوەی دووری نێوان كەسەكان و شوێنەكانین بۆ ئەوەی بەركەوتن كەم ببێتەوە.
پێویستە بەڕێكاری توندی تەندروستی و خۆپارێزی شوێنەكان بكرێتەوە
گوتەبێژی تەندروستی هەولێر گوتی، بۆ كۆبوونەوەی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر، ئێمە لەگەڵ قەدەغەی هاتوچۆین، بەڵام ئەگەر قەدەغەی هاتوچۆش هەڵبگیرێت، پێویستە بەڕێكاری توندی تەندروستی و خۆپارێزی شوێنەكان بكرێتەوە.
باسی لەوەش كرد، خۆپارێزی و بەكارهێنانی دەمامك و دەستكێش زۆر پێویستە لە شوێنە گشتییەكان لەلایەن هاووڵاتییان و لەلایەن خاوەن كارەكان، بۆیە ئێمە نامانەوێ كاروباری هاووڵاتییان بوەستێت، بەڵكو مەبەستمانە كەمترین خەڵك تووشی ئەو ڤایرۆسە بن و خۆیان بپارێزن.
بڕیارە ئەمڕۆ ژووی ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای هەولێر كۆ ببێتەوە، كۆمەڵێك بڕیار و ڕێنوێنی نوێ دەربكات بۆ كاروباری هاووڵاتییان و داخستن و كردنەوەی هەندێك لە شوێنەكان و دەوامی فەرمانگەكان.
ڕۆژی سێشەمی رابردوو ژووری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاند و سەعات 12ـی ئەمشەو كۆتایی بەو ماوەیە دێت.