پۆلیسێك ژنێك دەكوژێت

:: PM:01:12:05/07/2020 ‌
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رای گەیەنێت، ئەمڕۆ تەرمی ژنێك گەیەنرایە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەڵەبجە و پاش لێكۆڵینەوە، دەركەوت لەلایەن برایەكیەوە كە پۆلیسە لێی دراوە و گیانی لە دەست داوە.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی تەمووز، ارزان عوسمان گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردووەتەوە، لە سەعات سێ و 30 خولەكی بەیانی تەرمی ژنێك گەیەنرایە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەڵەبجە بەناوی "أ، ع، ح"ـی تەمەن 32 ساڵ كە ژنی ماڵەوە بووە و دانیشتووی سلێمانی بوو. 

بەهۆی كێشەی خێزانییەوە لە سلێمانی لێی دراوە، پاش هێنانەوەی بۆ هەڵەبجە و گەیاندنی بە نەخۆشخانەی فریاكەوتن مردووە
گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ئاشكرای كردووە، پاش لێكۆڵینەوە دەركەوت لەلایەن برایەكیەوە بەناوی "أ، ع، ح" تەمەن 34 ساڵ كە پۆلیسی بەرگری فریاكەوتنە و دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە، بەهۆی كێشەی خێزانییەوە لە سلێمانی لێی دراوە، پاش هێنانەوەی بۆ هەڵەبجە و گەیاندنی بە نەخۆشخانەی فریاكەوتن مردووە.

گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە باسی لەوەش كردووە، دۆسیەی لێكۆڵینەوە لە بنكەی پۆلیسی هەڵەبجە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە و تەرمەكە رەوانەی پزیشكی دادی هەڵەبجە كراوە، تۆمەتباری رووداوەكە گیراوە و ددانی بەتاوانەكەیدا ناوە و بەپێی مادەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی بەبڕیاری دادوەر گیراوە.



وشە - رامیار جەواد