بازاڕی نەوت لەبەردەم هەڕەشەیەكی تری داڕووخانی نرخدایە

:: PM:03:49:05/07/2020 ‌

لە ماوەی دواییدا عێراق و چەند دەوڵەتێكی تری بەرهەمهێنی نەوت، توانای بەرهەمهێنانیان كەم كردەوە، بەڵام پێ دەچێت گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوت بەوە رازی نەبن، لەوانە سعوودیە، كە هەڕەشەی هەڵگیرساندنی جەنگێكی تری نرخی نەوت دەكات، وەك ماڵپەڕی "ئۆیڵ پرایس" بڵاوی كردەوە. 
عێراق دەكەوێتەوە بەر هەڕەشەی دابەزینی نرخی نەوت
لە ماوەی مانگی رابردوودا بەرهەمی ئۆپێك بەنزیكەی 22.6 ملیۆن بەرمیل كەمی كردەوە، ئەوەیش كەمترین بڕی بەرهەمهێنراوە لە ماوەی 30 ساڵدا، ئەوكاتەی بۆ ئەم مانگە بەغدا بە رێژەی 70%، پابەندی بە كەمكردنەوە كرد، بەڵام پێ دەچێت ئەو بڕە و پابەندییە رێژەییە سعوودیە رازی نەكات، بۆیە هەڕەشەی جەنگێكی تری نرخی نەوت دەكات، ئەگەر هەمووان پابەندی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان نەبن.

ئەو ماڵپەڕە دەڵێت، مەترسیی دروستبوونی جەنگی نرخی نەوت دەركەوتووە و هەڕەشەكردنی فرۆشتنی نەوت هەرزانتر لە نرخی خۆی، وا دەكات كڕیاران پشت لە فرۆشیارە كۆنەكانیان بكەن و روو لە هەرزانترین نرخ بكەن، ئەوەیش مانای زەرەكردنی چەند وڵاتێكە وەك عێراق و نایجیریا و ئەنگۆلا، لێرە پڕسیارەكە ئەوەیە ریاز چۆن بەغدا و بەرهەمهێنەرانیتر ناچاری كەمكردنەوەی تەواوەتی بەرهەمهێنانی نەوت بكات، بەتایبەتی لەو دۆخەی كە بەهۆی كۆرۆناوە خواست لەسەر نەوت كەمبووەتەوە.

راپۆرتەكە ئاماژە دەكات، تاكە رێگە لەبەردەم سعوودیە پاڵنانی بازاڕی نەوتە بەرەو داڕووخانی نرخ، ئەوەیش مانای وایە هەموو بەرهەمهێنەرانی نەوت دووچاری كارەساتێكی تری خراپتر لەوەی پێش چەند مانگی رابردوو هەبوو، دەبنەوە ئەوكاتەی سعوودیە كەوتە جەنگی نرخی نەوت لەگەڵ رووسیا.

بە دابەزاندنی نرخی نەوت سعوودیە دەتوانێت كڕیارانی نەوتی عێراق و نایجیریا و ئەنگۆلا، بەتایبەتی هیندستان و چینییەكان بۆلای خۆی رابكێشێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش سعوودیە ناتوانێت بەردەوام بێت، چونكە ئەو دابەزینەی نرخی نەوت سوودی بۆ كەس نابێت.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل