ململانێی كازمی و میلیشیاكان و بازدان بەسەر داواكاریی خۆپێشاندەرانەوە

:: PM:07:14:05/07/2020 ‌

دۆخی عێراق لە هەموو بوارەكاندا تووشی تەنگژە هاتووەتەوە، لە رووی سیاسییەوە هێزە سیاسییەكان لەلایەن شەقامەوە رەت كرانەوە و خۆیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەپارێزن، لە رووی ئابوورییەوە كاتێك بەهۆی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردنیان وڵات مایەپووچ و قەرزدار بووەتەوە، لە رووی كۆمەڵایەتییەوە بێكاری و هەژاری و دەیان تاوان و كێشەی كۆمەڵایەتی، لە رووی تەناهییەوە حكوومەت كۆنترۆڵی سنوورەكانی و تەنانەت ناوچەی سەوزیش بەتەواوەتی ناكات، خۆپێشاندەران لە شەقامەكان چاوەڕوانی فریادڕەسن، بەڵام پێناچێت ئەو فریادڕەسە كازمی بێت.
پێویستە كازمی جووڵە بكات ئەگینا میلیشیاكان دەیبەنەوە
رائید فەهمی، سكرتێری لیژنەی ناوەندی حزبی شیوعی عێراق و پەرلەمانتاری پێشووی هاوپەیمانی "سائیروون"، بۆ "وشە"، دەڵێت، حكوومەتی كازمی چەندان بەڵێنی داوە، لەوانە بە خۆپێشاندەران بە هەڵبژاردنی پێشوەختە و چەكداماڵینی میلیشیاكان و لێپرسینەوە لەگەڵ بكوژ و ئازادكردنی گیراوانیان، كاتەكە دەڕوات و ئێمەیش تا ئەوساتە چاوەڕوانی ئەنجامەكانین، لە ماوەی رابردوودا چەندان كەس گیراون و رفێنراون و تا ئێستە چارەنووسیان دیار نییە، بەشێكیان لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە رفێنراون و ئازار دەدرێن، هەیانە بەڵێننامەی پێ پڕ دەكرێتەوە، ئینجا ئازاد دەكرێت.

زیاتر گوتی، ئەوەی ئەنجام دەدرێت ناكرێت هێزە تەناهییە فەرمییەكانی عێراق پێی نەزانن، چونكە گرتن و رفاندنەكە بە ئاشكرا روودەدات، بەشەو چەند ئۆتۆمبێلێك بە ئاسانی كەسانێك دەڕفێنن، بۆیە ئەوانەی دەكرێت، واتە گرووپێكی چەكدار بە ناوێكی نیوچە فەرمی هەڕەشە لە ئاسایشی هاووڵاتییان دەكەن، راستییەكەی ئەگەر ئەوان تۆمەتبارن دەبێت یاسا ئەوان بگرێت.

فەهمی روونی كردەوە، ئێستە گەورەترین ئەركی كازمی، ئەو چەكداماڵینەیە، كە تەنیا لە رووی تەناهییەوە كاریگەر نییە، بەڵكو لە رووی سیاسی و رووی تریش، بۆیە ئەگەر ئەو حكوومەتە نەیتوانی كۆنترۆڵیان بكات، چارەنووسی شكستهێنان یان لاوازی و بێدەسەڵاتییە لە تەواوی دۆسییەكانیتر، مەرجە ئەو حكوومەتە خواستی بۆ گۆڕانكاری هەبێت، دوای ئەوە دەبێت هێزی هەبێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو خواستە.

"كازمی وەك حكوومەت و دەوڵەت ئامرازی جیاجیای بەدەستەوەیە، وەك تەناهی و سوپا، بەڵام ئەوان تا چەند ئامادەن ئەو كارە بكەن و گوێڕایەڵی دەبن، بەتایبەتی لە چەكداماڵینی میلیشیاكان، ئەوە كازمی خۆی باشتر دەزانێت، لای ئێمە روونە ئەو دامەزراوە تەناهی و سەربازیانە لە كاریگەری و دەسەڵاتی هێزە سیاسییەكان و میلیشیاكانەوە دوور نین، بۆیە ئەگەر كازمی ئەوانەی لەدەست نەبێت، هەوڵ دەدات، بەڵام رەنگە شكستبێنێت، لێرەدا متمانە و وێنەی بەهێزی لەدەست دەدات"، سكرتێری لیژنەی ناوەندی حزبی شیوعی وای گوت.

فەهمی روونی كردەوە، پێم وایە كە دەوڵەت ئامراز و توانای هەیە، بەڵام ناشكرێت ئەو پرۆسە تەنیا بە بەكارهێنانی هێز كۆتایی پێ بێت، بەڵكو لایەنێكی سیاسیشی هەیە، لە رێگەی گوشاركردن بۆ سەر ئەو هێزانەی لەپشتەوەی ئەو میلیشیایانەن، واتە بابەتەكە سیاسییە، واتە هێزە سیاسییە سەرەكییەكان لە عێراق دەبێت هەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن، چونكە ناكرێت لە پەرلەمان و حكوومەت بیت و لایەنێكیشت نایاسایی و میلیشیا بێت، جیا لە بوونی زەوینەیەكی لەباری جەماوەری كە خۆپێشاندەران لەو رووەوە پاڵپشتی لە هەنگاوەكانی دەكەن، ئەوانە وا دەكەن كە پشتی بەهێز بێت، بەڵام بەگشتی دەكەوێتە سەر خۆی و ئەو بابەتەیش ئاسان نییە و كاتی پێویستە.

هیشام هاشمی، شارەزای تەناهی عێراقی ئاماژە بۆ دەسەڵاتی میلیشیاكان بۆ سەر دەروازە سنوورییەكانی عێراق دەكات و دەڵێت، كەتیبەكانی حزبوڵا و بزووتنەوەی نوجەبا، كۆنترۆڵی دەروازەی قائیم دەكەن، دووپاتی كردەوەن ناكرێت دەسەڵاتی ئەوانە بەسەر دەروازەكە بە كردەیەكی سەربازی یان بە دەنگدانی پەرلەمان لابدرێت، بۆیە ئێستە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەو میلیشیایانەی نییە، چەنكە دەبێتە رووبەڕووبوونەوەیەكی مەترسیدار (شكاندی ئێسك)، جیا لەوە ئەو گرووپ و هێزان وەك سەرچاوەی دارایی پشت بە داهاتی ئەو دەروازانە دەبەستن، لەوكاتەی ململانێی هەرێمی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو دەروازە سنوورییانە لە قائیم و وەلید و رەبیعە هەیە.

لای خۆیەوە ئینا رۆدۆلف، توێژەر لە سەنتەری نێودەوڵەتی لەبارەی توندڕۆیی و توندوتیژی سیاسی لە كۆلێجی كینگز لە لەندەن گوتی، بەرپرسانی رۆژئاوا و شرۆڤەكاران وای دەبینن چەند مانگی داهاتوو گرنگ دەبێت بۆ هەوڵەكانی كازمی لەپێناو گرتنی جڵەوی بەشێك لە میلیشیاكان، وەك لە راپۆرتێكی "واشنتن پۆست"، قسەی كردووە، بەڵگەی كەم هەن ئاماژە بۆ هەوڵی كازمی دەكەن بۆ چاكسازیكردن لە حەشدی شەعبی یان لاوازكردنی هەڵوێستی فەرمیان، كە رێكخستن و سەرچاوەی دارایی بە یاسا رێكخراوە.

راپۆرتەكە لە كۆتادا لە زاری بەرپرسێكی رۆژئاوا دەڵێت، ئێستە تۆپەكە لە یاریگەی میلیشیاكانە، ئەگەر لە مووشەكهاوێشتن بەردەوام بن، ئەوكات پێویستە كازمی جووڵە بكات، ئەگینا كارەكەی لەدەست دەرچووە و ئەوان بردوویانەتەوە.

شانەی راگەیاندنی تەناهی عێراق بەیاننامەیەكی دەركرد و رای گەیاند كە شەوی رابردوو مووشەكێكی جۆری كاتیۆشا لە ناوچەی عەلی ساڵح لە بەغداوە بە ئاراستەی ناوچەی سەوز هەڵدراوە و لە نزیك خانووێك كەوتووەتە خوارەوە، جیا لەوە هێزە تەناهییەكان هێرشێكی تری هاوشێوەیان پووچەڵ كردووەتەوە لە ناوچەی ئوم عزام كە سەكۆیەكی مووشەكیان گرتووە بۆ مووشەكبارنكردنی سەربازگەی تاجی ئامادە كراوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل