هۆزە عەرەبییەكان: ئەوانەی دژی گەڕانەوەی پێشمەرگەن لە سەقامگیریی ناوچەكە دەترسن

:: PM:07:56:06/07/2020 ‌

ئەمڕۆ هەواڵی ئەوە هاتە بڵاوكردنەوە بەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەگەڕێتەوە كەركووك و لەگەڵ هێزەكانی عێراق بەشداری لە پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچانە دەكات بۆ كەمكردنەوەی مەترسییەكانی داعش، گوتەبێژی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان دووپاتی كردەوە عەرەبی هاوردە دژی گەڕانەوەی پێشمەرگەن و ئەوان سەقامگیریی ناوچەكەیان ناوێت.
پێشمەرگە تاكە هێزە داعش دزەی تیادا نەكردووە
شێخ موزاحم حوێت، گوتەبێژ بەناوی هۆزە عەرەبییەكانی ناوچە كێشەلەسەرەكان لەوبارەوە بە "وشە"ی راگەیاند، گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەنگاوێكی باشە و ئەگەر بێتە جێبەجێكردن، كاریگەرییەكی گەورەی دەبێت و گیانی سەتان كەس لە هێرشەكانی داعش رزگار دەكرێت، چونكە پێشمەرگە تاكە هێزە لە عێراق كە پاكە و لەلایەن داعشەوە دزەی تیادا نەكراوە، ئەوەیش لەلایەن خەڵكی ناوچە كێشەلەسەرەكان، لەوانەیش عەرەب پێشوازی لێ كراوە.

زیاتر گوتی، دوای ئەوە خەڵكی ئەو ناوچانە كاتێك پێشمەرگە پاشەكشەی لێیان كرد، كەوتە دەستی میلیشیاكان و چەكدارانی داعشەوە و ئەوانیش دەستیان بە تاوانكاری كردەوە، بەرتیل و سەرانەیان لە خەڵك وەرگرتووە، بەڵێ بەشێك لە پێكهاتەی عەرەبی كەركووك ئەو هەنگاوە رەت دەكەنەوە، راستییەكەی ئەوان ئەو عەرەبانەن كە هاوردە و تەعریبن، ئەوانەن لە دەرەوەی كەركووك هێنراون بۆ شارەكە، ئەوانەن گەڕانەوەی پێشمەرگە رەت دەكەنەوە.

حوێت روونی كردەوە، ئەوانە لە موڵكوماڵیان دەترسن، لەوە دەترسن كە راستییەكانیان ئاشكرابێت، چۆن دەستكاری تۆمارەكانی موڵكوماڵی كەركووكیان كردووە، زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بەناوی خۆیان كردووە، بۆیە ئەوان بە بەردەوام گەڕانەوەی پێشمەرگە رەت دەكەنەوە، ئەوان بەرجەستە و نوێنەرایەتی ئێمە ناكەن، كەسانێكی بەكرێگیراون و دەستیان بەسەر زەویوزاری كورد گرتووە و تۆمارەكانیان ساختە كردووە. 

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان لەوانەیش كەركووك، بەرەی عەرەبی لە كەركووك، بەیاننامەیەكی ناڕەزایەتیان دەركرد دژی بەشداری پێكردنی پێشمەرگە لە پاراستنی ئاساشی كەركووك كە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتەوایی نیشتمانی.

هەر ئەمڕۆ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان هەواڵی رێككەوتن بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی بۆ پارێزگای كەركووك رەت كردەوە و لە بەیاننامەیەكدا گوتی، بابەتی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك و ناوچەكانیتر، گفتوگۆی لەسەر نەكراوە و تەنیا گفتوگۆ لەبارەی پرسی بۆشاییە تەناهییەكانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق كراوە كە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە سوودی لێ دەبینرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل