شارەزایەكی تەناهی نەیار بۆ میلیشیاكان لە بەغدا كوژرا

:: PM:09:47:06/07/2020 ‌

وەزارەتی ناوخۆی عێراق دووپاتی كردەوە كە هیشام هاشمی، شارەزای تەناهی عێراقی لە بەغدای پایەتەخت تیرۆر كراوە.
لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە تەقەی لێ كراوە
لیوا سەعد معەن، بەڕێوەبەری وەزارەتی ناوخۆی عێراقی لە تۆمارێكی دەنگی كە بەسەر میدیاكان بڵاو كراوەتەوە، رای گەیاند، هیشام هاشمی، شارەزای تەناهی عێراقی لە بەغدا كوژراوە.

لەوكاتەی بەپێی سەرچاوەیەكی تەناهی هاشمی لە نزیك ماڵەكەی لە رۆژهەڵاتی بەغدا لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە تەقەی لێ كراوە و بەهۆی برینەكانییەوە گیانی لەدەست داوە، كاتێك گرووپێكی چەكدار بە دوو مۆتۆرسكیل لەبەردەم ماڵەكەی لە ناوچەی زەیونە، تەقەیان لێی كردووە و بەسەختی برینداریان كردووە.

وەك سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە، هاشمی لە نەخۆشخانەی ئیبن نەفیس گیانی لەدەست داوە، هاشمی تەمەنی 47 ساڵ بووە و شارەزای ستراتیجی بووە لە كاروباری گرووپە چەكدارەكان و نووسەر و توێژەر بووە لەو بوارەدا.  

شایەنی باسە لە دیدارێكی دوایی لەگەڵ كەناڵی دیجلە، هاشمی گوتبووی، كەتیبەكانی حزبوڵا و بزووتنەوەی نوجەبا، كۆنترۆڵی دەروازەی قائیم دەكەن، ناكرێت دەسەڵاتی ئەوانە بەسەر دەروازەكە بە كردەیەكی سەربازی یان بە دەنگدانی پەرلەمان لابدرێت، بۆیە ئێستە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەو میلیشیایانەی نییە، چونكە دەبێتە رووبەڕووبوونەوەیەكی مەترسیدار (شكاندی ئێسك)، جیا لەوە ئەو گرووپ و هێزانە وەك سەرچاوەی دارایی پشت بە داهاتی ئەو دەروازانە دەبەستن، لەوكاتەی ململانێی هەرێمی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو دەروازە سنوورییانە لە قائیم و وەلید و رەبیعە هەیە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل