بەهۆی پێوەدانی دووپشك منداڵێك گیانی لە دەست دا

:: AM:08:18:07/07/2020 ‌
بەهۆی پێوەدانی دووپشك منداڵێكی تەمەن پێنج ساڵان گیانی لە دەست دا، پۆلیس ڕای دەگەیەنێت، دوای چارەسەری سەرەتایی بۆ سلێمانی بەڕێكرا بوو.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی تەمووز، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە شارۆكەی قەڵادزێ منداڵێكی تەمەن / پێنج ساڵ/ بەهۆی پێوەدانی دووپشك گیانی لە دەست دا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی پەیمانگایی پزیشكی دادوەری سلێمانی منداڵەكە دووپشك پێوەی داوە و بەو هۆیەشەوە گیانی لە دەستداوە
گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، شەوی پێنج لەسەر شەشی تەمووز، سەعات 10 و نیووی شەو منداڵێك بەناوی "س . ع . ح " تەمەن / پێنج ساڵان/، دانیشتووی گوندی خەندەكەی سەر بە شارەدێی ژاراوەی شارۆكەی قەڵادزێ بەبێ هۆشی گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی و دوای چارەسەری سەرەتایی بەڕێكرا بۆ سلێمانی.

ئەو بەرپرسەی پۆلیس دەڵێت، كاتێك ئەو منداڵە هێنرا بۆ نەخۆشخانە باوكی گوتی، پێشتر ئازاری هەبووە و دواتر تووشی هەناسەتەنگی بووە و دەستبەجێ هێناویەتی بۆ نەخۆشخانە، بە گوێرەی ڕاپۆرتی پەیمانگایی پزیشكی دادوەری سلێمانی منداڵەكە دووپشك پێوەی داوە و بەو هۆیەشەوە گیانی لە دەستداوە.




وشە - رامیار جەواد