سووسه‌ن حه‌سه‌نزاده له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له به‌هاری ته‌مه‌نیدایه، كه‌چی بێ هه‌ستكردن به ماندووبوون، شه‌و رۆژی داوه‌ته ده‌م یه‌ك و له‌م شار بۆ ئه‌و شار و له‌م دێ بۆ ئه‌و دێ له بواره‌كانی شیعر و نووسین و گوتنه‌وه‌ی زمانی كوردی وه‌ك مامۆستا و دانانی كتێبی بواری زمانه‌وانی و منداڵان و ئه‌ده‌بیات و سه‌رپه‌رشتیكردنی به‌شی كوردی كۆمه‌ڵێ گۆڤار و رۆژنامه و بڵاڤگۆ و دانانی كتێبخانه له گونده‌كان و چالاكی مه‌نده‌نی بواری ژینگه..هتد، چالاكی ده‌نوێنێ.
له ته‌مه‌نی مێردمنداڵییه‌وه سه‌رقاڵی وانهوێژیی زمانی كوردی بووه
هه‌رچه‌نده مامۆستا سووسه‌ن خوێندنی سه‌ره‌تایی تا خوێندنی باڵای له بواری كارناسیی ماف له شوێنی له‌دایكبوونی واته له شاری بۆكان ته‌واو كردووه، وه‌لێ له ژێر كاریگه‌ریی دایك و باوكی كه هه‌ر له منداڵییه‌وه كتێبی شیعر، هه‌قایه‌ت، فێركارییان به كوردی ناوه‌ته به‌رده‌ستی و پێیان خوێندووه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها له ژێر كاریگه‌ریی برای گه‌وره‌ی كاك هه‌ژار كه له ته‌مه‌نی مێردمنداڵییه‌وه سه‌رقاڵی وانهوێژیی زمانی كوردی بووه، ده‌كه‌وێته سه‌ر ڕێچكه‌ی خزمه‌ت به زمانی كوردی و كولتووری نه‌ته‌وه‌كه‌ی.
لێره‌دا به‌وردی هه‌موو كار و چالاكییه‌كانی سووسه‌ن ده‌خه‌ینه روو:
*له ساڵی 2008 به فه‌رمی له بنكه‌ی ئه‌ده‌ب و له ژێر چاودێریی مامۆستا مسته‌فا ئیلخانی زاده، ده‌بێته مامۆستای وانه‌ی كوردی.
*له زۆربه‌ی شار و دێهاته‌كانی بۆكان، سه‌قز، سایین قه‌ڵا، میاندواو، مه‌هاباد، بانه و... وانهوێژیی ڕێنووس و ڕێزمانی كوردیی له ئه‌ستۆ گرتووه و تا ئێسته له ناو خوێندكاره‌كانی له شار و گونده‌كان ده‌یان وانهوێژی پێ گه‌یاندووه.
*دوای شه‌ش ساڵ وانهوێژی به ڕێنوێنی و پاڵپشتكردنی له لایه‌ن نووسه‌ری ناوداری كورد، مامۆستا محه‌مه‌د ڕه‌زا نه‌زه‌ری داركولی، هاوكات له‌گه‌ڵ وانهوێژیی زمانی كوردی، ده‌چێته دنیای نووسینی په‌رتووكی فێركاریی زمانی كوردی و له ساڵی 2016 یه‌كه‌م په‌رتووكی خۆی به چاپ ده‌گه‌یه‌نێ و دواتر ئه‌م كتێبانهیشی به چاپ گه‌یاندووه:
١-ڕێنووسی كوردیی سۆرانی "ئارامی" بڵاڤگه‌ی زانكۆ-بۆكان 2016.
٢-ڕێنووسی كوردیی سۆرانی "لاتینی" بڵاڤگه‌ی زانكۆ-بۆكان 2020.
*هه‌روه‌ها سێ په‌رتووكی فێركاریی ڕێنووسی زمانی كوردیی له سێ كه‌رتی سه‌ره‌تایی، ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی بۆ خوێندكارانی خوێندنگه‌كان (مه‌دره‌سه‌كان) له ژێر چاپدایه.
*ساڵی 2016 به وه‌ڕێخستنی ڕێكخراوه‌ی مامۆستا زیره‌ك (له بواری خزمه‌ت به ئه‌ده‌بیات، كولتوور، ژینگه‌پارێزی، ڕێزنان له كه‌سایه‌تییه‌كان، دانانی كتێبخانه له دێیه‌كان، چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌رتووكی كوردی و...) كه لقی له شاره‌كانی سه‌قز، مه‌هاباد، پیرانشار، كرماشان و زۆربه‌ی دێیه‌كان هه‌یه، هه‌نگاوێكی پته‌وتری به‌ره‌و خزمه‌ت به نه‌ته‌وه‌كه‌ی هه‌ڵهێناوه‌ته‌وه.
*چه‌ندان په‌رتووكخانه‌ی كوردیی له گونده‌كانی كوردستان وه‌ك وه‌ته‌میش، گوێگجه‌لی، خوڕخوڕه، زاواكێو و.. هه‌روه‌ها له خانه‌ی بووستان (بۆ منداڵانی بێسه‌رپه‌رشت) دامه‌زراندووه.
* تا ئێسته له دوو حه‌وتوونامه‌ی زیره‌ك و گۆڤاره‌كانی بۆكان، ژین، هه‌ڵاڵه، ئاڵا، ڕۆژنامه و... به‌رپرسایه‌تیی به‌شی كوردییانی له ئه‌ستۆ بووه.
* به‌رپرس و سه‌رنووسه‌ری مانگنامه‌ی زانكۆی "ئاگادارییه" كه له تیراژی پێنج هه‌زار دانه‌دا له شار و گونده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بڵاو ده‌بێته‌وه.
* له بواری شیعری كلاسیك و نوێ له زۆربه‌ی گۆڤار و ڕۆژنامه‌كاندا شیعری چاپ بووه و كۆمه‌ڵێك شیعریشی ئاماده‌ی چاپه.
* ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ژینگه‌پارێزیی بۆكان له ساڵه‌كانی 2013-2012 بووه.
* دامه‌زرێنه‌ری ناوه‌ندی ژینگه‌پارێزیی وڵات له ساڵی 2015 بووه.
* له ساڵی 2008وه ئه‌ندامی چالاكی ڕێكخراوه‌ی مانگی سووره.
* له ساڵی 2015وه ئه‌ندامی چالاك و به‌ڕێوه‌به‌ری "مه‌كته‌بی ئه‌ده‌بیی داركولیسم" بووه.
*هه‌ر له‌مساڵدا 2020 بڵاڤگهیهكی په‌رتووكی كوردیی داناوه كه له‌وێدا په‌رتووكی منداڵان و گه‌وره‌ساڵی نووسه‌رانی كورد چاپ و بڵاو ده‌كاته‌وه.
* ئێسته سه‌رقاڵی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی گۆڤاری كوردستانه (به ئامانجی لێكۆڵینه‌وه) كه بۆ خۆی به‌رپرسیه‌تی.
ئه‌مه‌ش كورته نموونه‌یه‌كه له شیعره‌كانی سووسه‌ن.
ئازادی
پێم ده‌ڵێن "جوانه"! ئه‌تۆ زۆر ناسپاسی ئاشكار
بۆچی ناكه‌ی باسی عه‌شقی نیشتمان و كردگار؟!
من ده‌ڵێم ئازیزی دڵ! تۆ گوێ له شیعرم ڕاگره
گه‌ر كه زانیت ناحه‌قه، جا دامبنێ تۆ به نه‌یار
له دوا دێڕی شیعره‌كه‌دا ده‌ڵێ
نه‌ك هه‌وێنی هه‌ر شیعر، ئه‌و خۆ هه‌وێنی ژینمه
خالقی ئازادییه، ئازاده‌كه‌ی پێرار و پار!
كه‌ركووك/ ستار جه‌باری