پزیشكێكی ئەمەریكی: كاریگەریی ڤاكسینی كۆرۆنا كورتخایەن دەبێت

:: PM:05:11:07/07/2020 ‌

زۆرینەی كۆمپانیاكانی دەرمان لەسەرانسەری دنیا لە كێبەركێی دۆزینەوەی چارەسەرین بۆ پەتای كۆرۆنا كە ملیۆنان كەسی لە سەرانسەری دنیا كردووەتە قوربانی و زیانی گەورەی ئابووری و دارایی بە وڵاتان گەیاندووە، ئەنتۆنی فاوچی، گەورە شارەزای پەتازانی و راوێژكاری كۆشكی سپی دەڵێت، كاریگەریی ڤاكسینی كۆرۆنا كورتخایەن دەبێت و پێویستە بەشێوەی وەرزی وەربگیرێت.
140 ڤاكسین لە قۆناغی تاقیكردنەوەن
ئەو شارەزایە كە بەڕێوەبەری پەیمانگەی ئەمەریكییە بۆ نەخۆشییە گوێزراوەكان لە دیدارێكی لەگەڵ فرانسیس كۆلێنز، بەڕێوەبەری پەیمانگەكانی تەندروستی نیشتمانی، پێشبینی كرد ئەو ڤاكسینانەی ئێستە تاقی دەكرێنەوە، رەنگە بەرگری لەدژی تووشبوون بەو ڤایرۆسە بۆ ماوەیەكی كورت دابین بكەن.

ئاماژەی كرد، تا ئێستە نازانین كە پێكوتەی كۆرۆنا بە هاوشێوەی ژەمی ڤاكسینی ئاوڵە بۆ تەواوی ژیان دەبێت یان نا، وەڵامی ئەو پرسیارە دوای دۆزینەوەی ڤاكسینەكە دەبێت بەر لە كۆتای ئەمساڵ یان سەرەتای ساڵی داهاتوو، ئەوە پێوەستە بە سەركەوتن لە دۆزینەوەی ڤاكسینێك لەنێوان 140 ڤاكسین كە لە تاقیكردنەوەدان.

روونی كردەوە، تا ئێستە ئەمەریكا نقوومی یەكەم شەپۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنایە و پێویستە بە پەلە جموجۆڵ لەگەڵ زیادبوونی حاڵەتەكانی تووشبوون بەمدواییە بكات، چونكە دۆخی ئێستە زۆر مەترسیدارە، دووپاتی كردەوە بە پێویستی بەكارهێنانی دەمامك و لەیەكدووركەوتنەوەی كۆمەڵایەتی.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل