بەریتانیا دەست بە فرۆشتنی چەك بە سعوودیە دەكاتەوە

:: AM:11:31:08/07/2020 ‌
حكوومەتی بەریتانیا بڵاوی كردەوە دەست بە فرۆشتنی چەك بە سعوودیە دەكاتەوە. ئەو بڕیارەی حكوومەتی بەریتانیا دوای ئەوە دێ ماوەیەك لەمەوبەر دادگای باڵای وڵاتەكە بە پێویستی دانابوو چەك بە سعوودیە نەفرۆشرێت.

ئەوكات دادگای باڵای بەریتانیا گومانی لەوە هەبوو بەشێك لەو چەكانەی بەریتانیا بە سعوودییەیان دەفرۆشێت، لە جەنگی یەمەن بەكار دەهێنرێن، بۆیەش داوای وەستاندنی فرۆشتنی چەك بەو وڵاتەی كردبوو.

 حكوومەتی بەریتانیا پێی وایە سعوودیە یەكێكە لەو وڵاتانەی لە توانایدایە سەرجەم رێسا و یاسا مرۆییەكان جێبەجێ بكات، بۆیەش بڕیاری داوە پێداچوونەوە بە بڕیارەكاندا بكات و دووبارە چەك بە سعوودیە بفرۆشێتەوە.

بەگوێرەی مێهرنیوز، ئێلیزابێس تراس وەزیری بازرگانیی نێودەوڵەتیی بەریتانیا گوتوویەتی بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەی كردوویانە، بەو ئەنجامە گەیشتوون هیچ مەترسییەك لەسەر ئەو چەكانە نییە بە سعوودیەی دەفرۆشن و دڵنیان لەوەی بۆ بواری دژەمرۆیی سوودیان لێ وەرناگیرێت.

بڕیارەكەی حكوومەتی بەریتانیا ناڕەزایەتی هەندێك ناوەندی مافی مرۆڤ و ئەو دامەزراوانەی لێ كەوتووەتەروە كە دژی بازرگانیكردن بە چەكن.

لە ساڵی 2015وە جەنگی یەمەن دەستی پێ كردووە و تا ئێستە ئەو جەنگە بەردەوامە
لە ساڵی 2015وە جەنگی یەمەن دەستی پێ كردووە و تا ئێستە ئەو جەنگە بەردەوامە، هەریەك لە ئێران و سعوودیە دوو لایەنی سەرەكیی جەنگەكەن كە لە یەمەن هاوكاریی گرووپەكانی سەر بەخۆیان دەكەن بێ ئەوەی راستەوخۆ لەگەڵ یەكتر لەجەنگدابن.



وشە - سلێمان تاشان