جووتیارێك خەمەكانی بۆ "وشە" هەڵدەڕێژێت

:: PM:03:49:08/07/2020 ‌
جووتیارێكی هەولێر كە لە عەلوەی شارەكە بەرهەمەكانی خستووەتەڕوو و چاوەڕوانە ساغیان بكاتەوە، بۆ "وشە" خەمی خۆی و هاوپیشەكانی هەڵدەڕێژێت و پێی وایە، جووتیاران ئەو توێژەن لایەنە پێوەندیدارەكان ئاوڕیان لێ نەداونەتەوە.

ئەركان هەركی جووتیار كە پێنج دۆنم زەوی چاندووە دەڵێ، كیلۆیەك بیبەر پێشتر بە هەزار دینار بوو، بەڵام لەوەتەی بەرهەمی ناوخۆیی پێگەیشتووە كیلۆی بە 250 دینار دەفرۆشرێت. تەماتەش ئەوەندە هەرزان بووە كیلۆیەكی بە 75 دینار دەفرۆشرێت، لە كاتێكدا بۆ بەكرێكگرتنی دۆنمێك زەوی 500 هەزار دیناریان داوە.

ئەو دەڵێ جگە لەوە ساڵانە دوو تا سێ ملیۆن دینار تەنیا لە كرێی كارەبا دەدەن، خەرجییەكانی تری بەرهەمهێنانیش زۆرن و ناتوانن تێچووی دەربهێننەوە.

هیچ كەسێك كار بۆ جووتیاران ناكات و لە خەمی ئەواندا نییە.
لەو پێنج دۆنمەی جووتیارەكە چاندوویەتی، 10 ملیۆن دیناری لێ خەرج كردووە و زیانێكی زۆری پێگەیشتووە، جووتیاران زیانیان كردووە و قەرزێكی زۆر لەسەریان كەڵەكە بووە. جووتیارەكە پێی وایە هیچ كەسێك كار بۆ جووتیاران ناكات و لە خەمی ئەواندا نییە.

ئەركان هەركی پێی وایە كۆرۆنا كاریگەریی زۆری لەسەر كار و كاسبیان هەبووە و نەتوانراوە وەك پێویست بەرهەمەكانیان هەناردە بكرێت.

پێویستە بگوترێ ئەمساڵ زۆربەی بەرهەمە ناوخۆییەكان بە هۆی زۆریی خستنەڕوو لە لایەك و كەمبوونەوەی داخوازی لە لایەكی تر هەرزان بووە و جگە لە بازاڕی ناوخۆیی، بەرهەمەكان بۆ هیچ شوێنێك هەناردە ناكرێن.



وشە - سلێمان تاشان