له شاره‌دێی هه‌ریری سه‌ر به شارۆكه‌ی شه‌قڵاوه، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه كارگه‌یه‌كی دۆشاوی ته‌ماته له‌كار كه‌وتووه كه به گه‌وره‌ترین كارگه‌ی دروستكردنی دۆشاوی ته‌ماته داده‌نرێت. به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌ش به هاوئاهه‌نگی كه‌رتی تایبه‌ت له هه‌وڵی كاراكردنه‌وه‌ی كارگه‌كه‌دان.
كارگه‌ی هه‌ریر گه‌وره‌ترین كارگه‌ی دۆشاوی ته‌ماته‌یه له كوردستان و عێراق، ساڵی 1979 دامه‌زراوه و تا ساڵی 2006 به‌رهه‌مه‌كانی ره‌وانه‌ی هه‌موو پارێزگاكان كردووه و ماوه‌ی 14 ساڵیشه به‌هۆی بێبه‌رهه‌می و هۆكاری جیاواز داخراوه.
ده‌توانێ ئاوه ته‌ماته‌ی كوردستان هه‌نارده‌ی عێراقیش بكات
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م هه‌شتی ته‌مووز، ره‌مه‌زان ساڵح جووتیارێكی نموونه‌یی ده‌شتی هه‌ریر به "وشه"ی راگه‌یاند، ساڵانه بڕه پاره‌یه‌كی زۆر له كێڵانی زه‌وی و كڕینی په‌ینی كیمیایی و كڕینی شتڵی ته‌ماته و چه‌ندان خه‌رجی تر بۆ به‌رهه‌مهێنانی ته‌ماته خه‌رج ده‌كه‌ین، كه ده‌گاته به‌رهه‌م، نرخی ته‌ماته به شێوه‌یه‌ك داده‌به‌زێت كه له گومرگ و بازاڕه‌كان كیلۆی به 100 دینار كه‌متر لێمان وه‌رده‌گرن و ئه‌مه‌ش زیانی زۆرمان پێ ده‌گه‌یه‌نێت ".
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، كارگه‌ی دۆشاوی ته‌ماته‌ی هه‌ریر كه ئێسته له‌كار كه‌وتووه، پێویست بوو وه‌گه‌ڕ بخرێته‌وه و سه‌رجه‌م ته‌ماته‌ی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ی وه‌ربگرتایه بۆ دروستكردنی دۆشاو، یا وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ هاوكاری بكردنایه و رێگری له هاتنی به‌رهه‌می ده‌ره‌كی بكردایه تا به‌رهه‌می ناوخۆیش قیمه‌تی بكردایه، به‌شێوه‌یه‌ك له‌بری زیانی به‌رده‌وام، كه‌مێك قازانجمان بكردایه، به‌مه‌ش ئه‌ركی ئێمه‌ش سووكتر ده‌بوو و نرخی ته‌ماته‌ش هێنده بێ بایه‌خ نه‌ده‌بوو.
كاروان كه‌ریمخان گونده‌ژۆری به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی هه‌ریر به "وشه"ی راگه‌یاند، پیشه‌سازیی خۆماڵی، وه‌ك كارخانه‌ی ئاوه ته‌ماته‌ی هه‌ریر، جگه له‌وه‌ی ده‌توانێ وه‌ڵامده‌ری داخوازیی بازاڕی كوردستان بێت، ده‌توانێ له داهاتوودا په‌ره بستێنێت و ئاوه ته‌ماته‌ی كوردستان هه‌نارده‌ی عێراقیش بكات. جگه له‌مه هه‌لی كار ده‌ڕه‌خسێنێت و به شێوه‌ی ناڕاسته‌وخۆ جووتیارانیش هان ده‌دات په‌ره به بێستانی ته‌ماته بده‌ن.
ناوبانگی کارگەکە به جۆرێك بوو عێراق ئاماده بوو به ناوی كوردستان ئه‌م به‌رهه‌مه وه‌ربگرێت
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی هه‌ریر ده‌ڵێت، جێی سه‌رنجه كه ناوبانگی كارخانه‌ی ئاوه ته‌ماته‌ی هه‌ریر به جۆرێك بوو كه عێراق ئاماده بوو به ناوی كوردستان ئه‌م به‌رهه‌مه وه‌ربگرێت، به‌داخه‌وه چه‌ند ساڵێكه كاره‌كانی راگیراوه، بۆیه به هه‌وڵی هه‌موو لایه‌ك له قوناغی یه‌كه‌مدا كارگه‌كه ته‌ماته‌ی جووتیارانی ده‌ڤه‌ره‌كه وه‌رده‌گرێت و ده‌ست ده‌كاته‌وه به‌كاره‌كانی، له دۆخی ئابووری ناله‌باری كوردستانیش ئێسته كاتی ئه‌وه هاتووه زیاتر و خێراتر بیر له كاری خۆماڵی و خۆكرد بكه‌ینه‌وه تا لانیكه‌م باری ته‌نگژه له‌سه‌ر شانمان زۆر گران نه‌بێت.
"هیوادارم به هاوكاری لایه‌نی پێوه‌ندیدار بتوانین كارێك بكه‌ین، وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له وه‌گه‌ڕخستنی كارگه‌ی ئاوه ته‌ماته‌ی هه‌ریر په‌له بكات، هه‌روه‌ها ڕێوشوێنی پێناسه‌ی گومرگی ئابوورییانه بگیرێته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك هان بدرێت به ئومێده‌وه سوور بن له‌سه‌ر كاری بێستانی ته‌ماته". كاروان كه‌ریمخان وای گوت.
به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی هه‌ریر دووپاتی ده‌كاته‌وه، ئێمه وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌دێی هه‌ریر پێمان وایه كه ئیراده‌یه‌كی باش له لایه‌ن كه‌رتی تایبه‌ت بۆ سه‌رله‌نوێ وه‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی كارگه‌ی دۆشاو و خۆشاوی هه‌ریر هه‌یه، له‌و كه‌لێنه هه‌وڵمان ئه‌وه‌یه كه به پشتگیریی وه‌زاره‌ته پێوه‌ندیداره‌كانی حكوومه‌ت، كشتوكاڵ و دارایی، وێڕای وه‌كاركه‌وتنه‌وه‌ی كارگه‌كه ئه‌م ئامانجانه‌ش بپێكین.
گونده‌ژۆری به‌و شێوه‌یه ئامانجه‌كان پۆلێن ده‌كات، بووژانه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ و نه‌فه‌وتانی به‌رهه‌می جووتیاران، هاندانی جووتیاران و ڕه‌خساندنی هه‌لی كار بۆ گه‌نجانی ناوچه‌كه، گه‌ڕی سه‌رمایه له ناو چه‌رخه‌ی ئابووریی هه‌رێم، به‌رهه‌مهێنانی خۆماڵی و ته‌ندروست و...
له هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا سێ كارگه‌ی دروستكردنی دۆشاوی ته‌ماته هه‌یه، ئه‌وانیش كارگه‌ی شاره‌زوور، كۆیه و ئه‌وه‌ی تریشیان هه‌ریره كه توانایان هه‌یه رۆژانه تا 500 تۆن ته‌ماته بكه‌ن به 50 تۆن دۆشاوی ته‌ماته و هه‌لی كاریش بۆ سه‌تان كه‌س بڕه‌خسێنن.
شاره‌دێی هه‌ریر له رووی كارگێڕییه‌وه سه‌ر به شارۆكه‌ی شه‌قڵاوه‌یه له پارێزگای هه‌ولێر، هه‌ریر خاوه‌ن زه‌ویوزار و ده‌شتێكی به‌رفراوان و به‌پیته بۆ كشتوكاڵ و 70 كیلۆمه‌تر له سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر دووره.
هه‌ریر/ موڕشید برادۆستی