جووتیارانی سنووری پێنجوێن، پشتگیریی هەڵمەتە نیشتمانییەكەی دەزگای رۆژنامەوانی "وشە" دەكەن بۆ ساغكردنەوە و بەبازاڕكردنی بەرهەمی خۆماڵی. پێنجوێن یەكێكە لەو ناوچە سنوورییانەی هەرێمی كوردستان كە ساڵانە بەهەزاران تۆن تەماتەی ناوخۆیی دەخاتە بازاڕەكانەوە.
ئاكۆ كاروان هاووڵاتی و جووتیار لە پێنجوێن بە"وشە"ی راگەیاند، ساڵانە لەم وەرزەدا بەرهەمێكی زۆری ناوخۆیی لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی و سنووری شارۆكەی پێنجوێن بەتایبەتی پێ دەگات، ئەوەش لەدوای ماندووبوون و شەونخوونی زۆری جووتیاران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی گوێنەدان بەبەرهەمی خۆماڵی، وەك پێویست بەرهەمەكانیان پارە ناكات و تووشی زیانێكی زۆر دەبن، لەكاتێكدا لە پێنجوێن ساڵانە تەماتەیەكی زۆر بەرهەم دەهێنرێت.
ئەو دەڵێت "سوپاسی دەزگای "وشە" دەكەین لە سۆنگەی هەستكردن بەماندووبوون و خەمی جووتیاران چەند رۆژێكە هەڵمەتێكی بۆ ساغكردنەوە و كڕینی بەرهەمی ناوخۆیی بەتاییەتیش تەماتە دەست پێ كردووە، ئومێد دەكەین كاریگەری لەسەر تەماتەی ناوچەكەشمان هەبێت، كە ماوەیەكی تر پێ دەگات و ئێستە جووتیاران رۆژانە و شەوانە بەدیاریەوە دانیشتوون و خزمەتی دەكەن".
هاوكات عەتا وریا ئەندازیاری كشتوكاڵی لە پێنجوێن بۆ "وشە" روونی كردەوە، ساڵانە لە سنووری پێنجوێن، بەهەزاران تۆن تەماتەی خۆماڵی دێتە بەرهەم و زیاتر لە دوو هەزار و 500 جووتیار بەكاری كشتوكاڵییەوە سەرقاڵن كە زۆربەیان دانیشتووی گوندەكانن، جووتیاران لەسەر گیرفانی خۆیان كارەكانیان دەكەن و لایەنە پێوەندیدارەكان وەك پێویست ئاوڕیان لێ نەداونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە وەرزی چنینەوەی تەماتەدا، چاوەڕوانی دەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانن هاوكاریان بكات.
حكوومەت لەرێی دەركردنی بڕیاری نوێوە، كار بۆ دروستكردنی كارگە و ساردخانە بكات
ئەو داوا دەكات بەزووترین كات لەمساڵدا، لە پێناوی ئاوەدانكردنەوەی زیاتری گوندەكان و كشتوكاڵكردن، حكوومەت لەرێی دەركردنی بڕیاری نوێوە، كار بۆ دروستكردنی كارگە و ساردخانە بكات، تا بتوانرێت جیاواز لە ساڵانی رابردوو بەرهەمەكان ساغ بكرێنەوە.
لەلایەكی ترەوە كاوە حەمە تۆفیق جووتیارێكی بەئەزموونی سنووری پێنجوێن بۆ "وشە"، ئاماژەی دا، هەموو ساڵێك لە مانگی ئایارەوە، چاندنی شەتڵی تەماتە لە سنوورەكەیان دەست پێ دەكات تا نزیكی هاتنی وەرزی پایز، پێگەیشتن و چنینەوەی بەردەوامی دەبێت، بەڵام ناتوانن بیبەنە بازاڕەكان و پارەیان بۆ ناكات، لەكاتێكدا بە هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆر تەماتە پێ دەگات و ئەگەر لە پایزێكی زوودا بەرهەمەكە هەڵنەگرنەوە، بەهۆی سەرماوە تەماتەكەیان لەناو دەچێت و شەختە لێیان دەدات.
شارۆكەی پێنجوێن نزیكەی 96 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە و ساڵانە تەماتەیەكی زۆری لێ بەرهەم دەهێنرێت، لەسەر ئاستی كوردستانیش بەرهەمهێنەری یەكێك لە باشترین جۆرەكانی تەماتەی كوردییە.
پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی