کەلار بۆ دابینکردنی ئاوی ماڵان سود لە ئاوی سەر زەوی وەردەگرێت

:: PM:05:11:08/07/2020 ‌
به‌رپرسێك له‌ راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی كه‌لار ئاشكرای كرد، له‌ رۆژانی داهاتوو پاڵاوگه‌ی ئاوی "كه‌لار دوو"  ده‌كه‌وێته‌ كار، هاوكات له‌گه‌ڵ داخستنی بیره‌كاندا هه‌نگاوه‌كان چڕ ده‌كرێنه‌وه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ پشت به‌ ئاوی سه‌ر زه‌وی ببه‌ستن.
ناکرێ ناوچەکەمان رووباری ئاوی بە تەنیشت دا تێپەڕێت و خەڵکەکەی سوود لە ئاوی ژێرزەوی وەربگرن

ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی تەمووز، ئاراز محه‌مه‌د به‌رپرسی راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی كه‌لار به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، دوای ساڵێك كاركردنی به‌رده‌وام له‌ چاك كردنه‌وه‌ و زیادكردنی توانای پاڵاوتن، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا پاڵاوگه‌ی ئاوی كه‌لار  دوو ده‌كه‌وێته ‌كار كه‌ له‌ ساڵی 2009وه‌ له‌كار وه‌ستاوه‌ 

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەوکات‌  پاڵاوگه‌كه‌ توانای پاڵاوتنی 300 مه‌تر ئاوی هه‌بوو له ‌سەعاتێك دا، له ‌ئێستادا به‌ هه‌وڵی ئه‌ندازیار و ستافی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان و دابینكردنی پۆسته‌ر په‌مپ فراوانكردنی فلته‌ره‌كان ، توانای پاڵاوتن بۆ هەزار مه‌تر زیاد كراوه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش نزیكه‌ی (300) ملیۆن دیناری بۆ خه‌رج كراوه‌ و ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش له‌سه‌ر (20%)ی داهاتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی كه‌لار بووه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ دووپاتی دەکاتەوە، له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا  15  بیر له‌ گه‌ڕه‌كه‌كاندا داده‌خرێن و له ‌رێگه‌ی ئه‌م پاڵاوگه‌یه‌ ئاویان بۆ دابین ده‌كرێت‌، هاوكات به‌ به‌كارخستنی ئه‌م پاڵاوگه‌یه‌ كه‌لار ده‌بێته‌ خاوه‌نی دوو پاڵاوگه‌، (80%)ی ئاوی سه‌رجه‌م گه‌ڕه‌كه‌كانی كه‌لار له‌ ڕێگه‌ی ئاوی سه‌رزه‌وییه‌وه‌ دابین ده‌كرێت و به‌وه‌ش كه‌لار ده‌بێته‌ یه‌كه‌مین شار له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌و رێژه‌ زۆره‌ پشت به‌ ئاوی سه‌رزه‌وی ببه‌ستێت.

حامید جومعه‌، به‌رێوه‌به‌ری ئاوی ژێرزه‌وی ‌گه‌رمیان به‌"وشه‌"ی راگه‌یاند، ئاوی ژێرزه‌وی له ‌گه‌رمیان پێویستی به‌ پاراستنه‌، چونكه‌ له ‌ماوه‌كانی رابردوودا به‌ شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی ئاوی ژێرزه‌وی له ‌ناوچه‌كه‌ ده‌ركراوه‌ و بۆ مه‌به‌ستی جیا جیا به‌كار هێنراوه‌.

بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی گەرمیان دەڵێ، ناکرێ ناوچەکەمان رووباری ئاوی بە تەنیشت دا تێپەڕێت، بەڵام خەڵکەکەی سوود لە ئاوی ژێرزەوی وەربگرێت. 

گه‌رمیان / سه‌بری هۆرێنی







وشە - هیدایه‌ت جان

ئه‌م بابه‌ته 37 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌