لە شارەدێیەكی كوردستان كۆرۆنا كارەسات دروست دەكات

:: AM:08:57:09/07/2020 ‌
لە شارەدێیەكی هەرێمی كوردستان لە تووشبوونی ژمارەیەك لە هاووڵاتییان بەكۆرۆنا، ژمارەیەكی زۆر دەمرن، ئەوەیش وایكردووە بەرپرسانی ئەو شارەدێیە هۆشداری توند بە هاووڵاتییان بدەن.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی تەمووز، ئەزوەر جەعفەر بەڕێوەبەری شارەدێی حاجیاوە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تا ئێستە لە سنووری حاجیاوە شەش هاووڵاتی بە كۆرۆنا مردوونە.

بۆ ئەوەی ڕێگری بكەین لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە و لە دەستچوونی بارودۆخەكە 
بەڕێوەبەری شارەدێی حاجیاوە گوتی، ژمارەی مردووان بریتین لە سێ‌ پیاو سێ‌ ژن، بۆیە داواكارم هاووڵاتییان خۆیان بپارێزن و دوور كەونەوە لە شوێنی جەنجاڵ و بەهیچ شێوەیەك پرسە دانەنێن.

باسی لەوەش كرد، ڕۆژانە پشكنین لە شوێنە گشتییەكان دەكەین بۆ ئەوەی ڕێگری بكەین لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە و لە دەستچوونی بارودۆخەكە، داواش لە هاووڵاتییان دەكەین پابەندی ڕێنوێنییەكان بن.

پێویستە بگوترێت تا ئێستە لە شارەدێی حاجیاوە كەمتر لە 40 تووشبووی هەیە و شەش هاووڵاتی گیانیان لە دەست داوە.

شارەدێی حاجیاوە سەر بە دەڤەری ڕاپەڕینە و 21 گوند لە خۆ دەگرێت و ناوچەیەكی گەشتیاریشە چەند ناوەندێكی گەشتیاری هەیە و بەناو بانگیشە بە بازرگانی كردن بە ئاژەڵ بەهۆی هەڵكەوتە جوگرافییەكەی.



وشە - رامیار جەواد