دەمامكی زێڕیش بەرهەم هات

:: AM:11:51:09/07/2020 ‌
بازرگانێكی هیندی بۆ خۆپارێزی بەرانبەر كۆرۆنا، دەمامكێكی زیڕی بە بەهای چوار هەزار دۆلار دروست كرد. 

شانكار كورهاد كە بازرگانێكی ناسراوی هیندستانە داوای لە زێڕنگران كردووە دەمامكێكی تایبەتیی بۆ دروست بكەن كە بە ئاسانی دەم و لووتی داپۆشێت، پیشەسازانی بوارەكەش لە ماوەی هەشت رۆژدا دەمامكەكەیان بۆ دروست كردووە.

بڕی ئەو زێڕەی بۆ بەرهەمهێنانی دەمامكەكە بەكار هاتووە 60 گرامە كە دەكاتە نزیكەی 12 مسقاڵ زێڕ. لە دەمامكەكەدا هەندێك بەردی دەگمەن و گرانبەهاش بەكار هاتووە و بەجۆرێك دروست كراوە، كونی بچووكی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئاسانی هەناسە بدات.

تا ئێستە هیچ سەرچاوەیەكی زانستی ئەوەی پشتڕاست نەكردووەتەوە دەمامكی زێڕ هیچ كاریگەرییەكی بۆ سەر رێگرتن لە تووشبوون بە كۆرۆنا هەبێت و لە دەمامكی ئاسایی باشتر بێت.

بەگوێرەی رادیۆ فڕەنسا، دەگوترێ شانكار بەم كارەی ویستوویەتی زیاتر خۆی دەربخات و پێشتریش لەم كارانەی كردووە و هەندێك جار خشڵ  و زێڕێكی زۆری بە خۆیەوە كردووە و خەڵكیش وێنەیان لەگەڵدا گرتووە.

حكوومەتی هیندستان پۆشینی دەمامكی كردووەتە ناچاری
حكوومەتی هیندستان پۆشینی دەمامكی كردووەتە ناچاری و هەر كەسێك لە شوێنی گشتی ببینرێ، دەبێ دەمامك ببەستێت. لەو وڵاتە سەرووی 19 هەزار كەس بە كۆرۆنا مردوون.


وشە - سلێمان تاشان