كۆمەڵێك بڕیاری نوێ‌ بۆ سلێمانی دەرچوو

:: PM:12:27:09/07/2020 ‌

 

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، پاڵپشت بە بەیانی ژمارە 42ـی وەزارەتی ناوخۆ، كۆمەڵێك بڕیاری نوێی دەركرد كە دەستپێكردنەوەی دەوام و كردنەوەی بازاڕەكانە بەڕووی ئۆتۆمبێل.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی تەمووز، لە ڕاگەیەنراوێكی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی هاتووە، بڕیامان دا بەردەوامبوون لەسەر ئەو خاڵانەی لە گشتاندنی ڕۆژی سێی تەمووزی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا دیاری كراون.

دەوامی فەرمیی گشت داودەزگا حكوومییەكان بەپێی بڕیار و مەرج و ڕێكار و ڕێنوێنییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان كە پێشتر ڕاگەیەنراون، دەست پێ دەكاتەوە
ڕوون كراوەتەوە، لە ڕۆژی یەكشەمی داهاتوو دەوامی فەرمیی گشت داودەزگا حكوومییەكان بەپێی بڕیار و مەرج و ڕێكار و ڕێنوێنییە تەندروستی و خۆپارێزییەكان كە پێشتر ڕاگەیەنراون، دەست پێ دەكاتەوە، هەروەها هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری ناوبازاڕی شاری سلێمانیدا بەپێی ڕێكار و ڕێنوێنییە تەندروستی و كارگێڕیی و ئارامییەكان ئاسایی دەكرێتەوە.

باس لەوەش كراوە، سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی و بەشی لابردنی زیادەڕەویی شارەوانیی بەپێی یاسا و ڕێنوێنییەكان، ڕێكاری پێویست بەرانبەر هەر سەرپێچی و لادان و زیادەڕەوییەك دەگرنەبەر، ئەركی هەموو هاووڵاتییان و داودەزگا حكوومییەكان و دامەزراوە دادوەرییەكان و كەرتی تایبەتە هاوكار و هاوئاهەنگیان بن.

بۆ تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیش ڕوون كراوەتەوە، لەسەر پێشنیازی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی، موەلیدە ئەهلییەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی لەكاتی نەبوونی كارەبای نیشتمانیدا، كارەبای پێویست لە ڕۆژ و ماوەی دیاریكراوی تاقیكردنەوەكاندا بۆ خوێندنگا و هۆڵەكانی تاقیكردنەوە دابین دەكەن.


 



وشە - رامیار جەواد