ئێران 20 ملیار یۆرۆ پارەی هەناردەی بۆ نەگەڕاوەتەوە

:: PM:01:11:09/07/2020 ‌
بەهۆی ئەو سزایانەی لە لایەن ئەمەریكاوە بەسەر ئێراندا سەپاوە، ئەو وڵاتە ناتوانێت بە ئاسانی پارەكەی وەربگرێتەوە چونكە بانكەكان ئامادە نین سزاكان پێشێل بكەن. سەرۆك كۆماری ئێران ددان بەو كێشەیەدا دەنێ و هەناردەكارانیش بە كەمتەرخەم دەزانێت.

حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران وێڕای ئاماژەكردن بە قەبارەی هەناردەی وڵاتەكەی لە ساڵی رابردوودا باسی لەوە كردووە، بە قەبارەی 20 ملیار یۆرۆ هەناردەیان هەبووە و چوار مانگیش لە ساڵی نوێی هەتاوی تێپەڕی، بەڵام هێشتا پارەی ساڵی رابردوویان بۆ نەگەڕاوەتەوە.

بەگوێرەی ئیسنا سەرۆك كۆماری ئێران گوتوویەتی، لەمساڵدا دەتوانن سەرووی 41 ملیار دۆلار هەناردەیان هەبێت و ئەگەر پارەكەی لە كاتی خۆیدا بگەڕێتەوە، ئەوا دەتوانن بە ئاسانی پێداویستییەكانیان دابین بكەن.

ئەو رەخنەی توندی ئاراستەی ئەو هەناردەكارانەی وڵاتەكەی كردووە كە خۆیان كەمتەرخەم بوون لە هێنانەوەی پارەكە، گومانی ئەوەی هەبووە هەناردەكاران خۆیان كەمتەرخەم بن لە نەگەڕاندنەوەی پارەكە بۆ ناوخۆ و لە دەرەوە خەرجیان كردبێت.
كەمیی پارەی دۆلار لە ناوخۆی ئێران هۆكار بووە لەوەی نرخی تمەن زیاتر دابەزێت

پێویستە بگوترێت كەمیی پارەی دۆلار لە ناوخۆی ئێران هۆكار بووە لەوەی نرخی تمەن زیاتر دابەزێت، ئێستە هەر دۆلارێك بە سەرووی 22 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەكرێت.


وشە - سلێمان تاشان