بڕیاری نوێ‌ بۆ هەولێر دەردەچێت

:: PM:01:24:09/07/2020 ‌
ڕۆژی 11ـی تەمووز، كۆتایی بە بڕیارەكانی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هەولێر دێت و كۆمەڵێك بڕیاری نوێ‌ دەردەچن كە ڕەنگە بەستنی دەمامك لە ناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكان و مۆڵەكان بكرێتە ناچاری.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی تەمووز، بژار مووسا گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێمە بەهەموو شێوەیەك پشتگیری ناچاركردنی هاووڵاتییان دەكەین بە بەستنی دەمامك لە شوێنە گشتییەكان.

لەو كۆبوونەوەیە كۆمەڵێك بڕیاری نوێ دەردەچێت
گوتەبێژی تەندروستی هەولێر گوتی، تەندروستی هەولێر كۆبوونەوەی هەیە و كۆمەڵێك بژاردە لەبەر دەستن بۆ ئەوەی گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت و لە كۆبوونەوەی ژووری ئۆپڕاسیۆنەكانی هەولێر تاوتوێ دەكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ڕۆژی شەموو كۆبوونەوەی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هەولێر و قایمقامەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەنجام دەدرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، لەو كۆبوونەوەیە كۆمەڵێك بڕیاری نوێ دەردەچێت.

لە زانیارییەكاندا هاتووە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەشێوەیەكی فراوان لە دوو ڕۆژی ڕابردوو لە هەولێر، ئامارەكان دەریان خست لە سەرووی 100 كەس تووش بوون، چاوەڕوانی ڕاپۆرتی تەندروستی دەكرێت بۆ بڕیاردان لەسەر هەر بڕیارێكی نوێ‌.


هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست وسە کەوتوون، بەستنی دەمامك لە شوێنە گشتییەكان و ناو بازاڕەكان و شوێنە جەنجاڵەكان، ڕەنگە بكرێتە ناچاری.

ڕۆژی 11ـی تەمووز، كۆتایی بە بڕیارەكانی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هەولێر دێت كە پێشتر ڕایان گەیاندبوو ئەگەر ژمارەی تووشبووان زیاد ببێت، ڕەنگە بەستنی دەمامك لە شوێنە گشتییەكان بكرێـتە ناچاری، دەسەڵاتیش بەهەموو بەڕێوەبەرەكان درابوو لە وەستانی دەوام ئەگەر مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە هەبوو.



وشە - رامیار جەواد