لە ئێران كەسێك لەسەر خواردنەوەی كحوول لە سێدارە درا

:: PM:02:43:09/07/2020 ‌
لە گرتووخانەی مەشهەد كە كەوتووەتە باكوری رۆژهەڵاتی ئێران، كەسێك بە تاوانی خواردنەوەی كحوول لە سیدارە درا و رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانیش دەڵێ ئەمە دووبارەبوونەوەی حوكمەكانی داعشە. 

رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەم هەواڵی لە سێدارەدانی كەسەكەی بڵاو كردەوە كە تەنیا هۆگری خواردنە كحوولییەكان بووە.

حوسێن حەبیبی پارێزەری كەسەكە بە رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێرانی گوتووە، حوكمەكە لە ناوخۆی گرتووخانەكە جێبەجێ كراوە و دوو ساڵ دەبوو بە تۆمەتی خواردنەوەی كحوول گیرابوو.

هاوكات مەحموود ئەمیری موقەدەم بەڕێوەبەری رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران گوتوویەتی، ئێران بە جێبەجێكردنی ئەم حوكمە سەلماندی روانگە و یاساكانی هیچ جیاوازاییەكیان لەگەڵ حوكمی داعشدا نییە.
ئێران بە جێبەجێكردنی ئەم حوكمە سەلماندی روانگە و یاساكانی هیچ جیاوازاییەكیان لەگەڵ حوكمی داعشدا نییە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، لە مادەی 179ی یاسای سزای ئیسلامیی ئێران ئەگەر كەسێك لەسەری بسلەمێنرێت كحوولی خواردووەتەوە و بۆ جاری سێیەم  هەمان كار دووبارە بكاتەوە، بە سێدارەدان سزا دەدرێت.

ئێران لە كاتێكدا ئەم سزایە جێبەجێ دەكات كە بڵاوبوونەوەی مادە هۆشبەرەكان تەنگی بەم وڵاتە هەڵچنیوە و بە ئازادیی كڕین و فرۆشتن بە مادە هۆشبەرەكان دەكرێت.


وشە - سلێمان تاشان