"راوێژكارانی حكوومەتی عێراق كێشە بۆ گفتوگۆی هەرێم و بەغدا دروست دەكەن"

:: PM:04:57:09/07/2020 ‌

چەند مانگێكە گفتوگۆی هەرێم و بەغدا سەبارەت بە بودجە و رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و نەوتی هەرێم بەردەوامە و چەند گەڕێكی بەڕێوە چووە، بەڵام بەپێی نوێترین زانیاری بەغدا داوای زیاتر دەكات لەوەی پێشتر رێككەوتنی لەسەر كراوە و مەرجەكانی توندتر كردووە، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە، راوێژكارانی ئەنجوومەنی وەزیران نایانەوێ كێشەكان چارەسەر ببێت.
كێشەی سەرەكی ئەوەیە شاندی هەرێم لە دیدی سیاسیانەی بەغدا تێناگات
لە چەند ساڵی رابردوو، بەتایبەتی ئەوكاتەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق بوو، هەرێم و بەغدا گەیشتن بە چەند رێككەوتنێك، سەبارەت بە پشكی بودجەی هەرێم و رەوانەكردنی بەشێكی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەرانبەر بە رادەستكردنی بڕێك نەوتی هەرێم بۆ بەغدا، بەڵام رێككەوتنەكە واژوو نەكرا، چونكە حكوومەتەكە بووە كاربەڕێكەر، ئێستەیش دوای خراپبوونی دۆخی ئابووری دنیا بەهۆی پەتای كۆرۆنا، عێراق و هەرێم دووچاری تەنگژەی دارایی هاتوونەتەوە، بەغدا دەیەوێ سوود لەو دۆخە ببینێت و مەرجەكانی بۆ رێككەوتن لەگەڵ هەرێم توندتر كردووە.

ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەوبارەوە بە "وشە"ی گوت، گفتوگۆی هەرێم و بەغدا بەردەوامە، بەڵام كێشەی سەرەكی ئەوەیە شاندی گفتوگۆكاری هەرێم لە دیدی سیاسیانەی بەغدا تێناگات، ئەگەر من ئەندامێكی شاندی گفتوگۆكاری هەرێم بوومایە، لەگەڵ ئەو تیمەی ئێستە لە بەغدا هەیە گفتوگۆم نەدەكرد، چونكە زۆرینەیان هەمان راوێژكارانی سەردەمی حەیدەر عەبادین كە لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدیش بەردەوام بوون، ئەو راوێژكارانە نەیانویستووە و نایانەوێ بگەن بە چارەسەری لەگەڵ هەرێم.

زیاتر گوتی، بۆیە رەنگە بپرسین ئاخۆ كێشە سەرەكییەكە چییە و دوای ئەو چەند گەڕەی گفتوگۆ بۆچی رێككەوتن نییە؟، ئەوانەن ریشەی كێشەكەن، ئەوانن پێشنیازی وایان پێشكەیش نەكرد دڵنیاكەرەوە بێت بۆ عەبادی و دوای ئەویەش بۆ عەبدولمەهدی، بۆیە ئەوانن بەشێك لە كێشەكە، بۆیە كێشەكان راوێژكارانی ئەنجوومەنی وەزیرانن.

"بۆیە تەنیا دانیشتن و گفتوگۆ لەگەڵ ئەو تیمە مانای وایە ناگەین بە ئەنجامێك، بەڵام پێم وایە لە رۆژانی داهاتوودا، چەند لایەنێكی سیاسی لەسەر ئاستێكی باڵاتر لە هەردوو تیمی گفتوگۆكار دێنە ناو بابەتەكەوە و ئەوان دەگەن بە رێككەوتن لەسەر چەند پرەنسیپێك لە چوارچێوەی گشتی و ناچنە ناو وردەكارییەكانەوە، بەپێی ئەو پرەنسیپانەیش مووچە خەرج دەكرێت، دوای ئەوە دەچینە ناو بابەتە وردەكانیتر و پێوەست بە كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەنێوان هەرێم و ناوەند، وەك نەوت و دارایی و داهاتی جگە لە نەوت، ئەوانە بابەتی ترن، بۆیە وەك پرەنسیپ و چوارچێوەیەكی گشتی رێككەوتن سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكرێت، بەڵام لەسەر ئاستی ئەو دوو تیمە نا، بەڵكو لەسەر ئاستێكی باڵاتر، چونكە راشكاوانە دەیڵێم پێم وا نییە ئەو دوو تیمەی گفتۆگۆكارەی هەن، بگەن بە رێككەوتن و كارێكی سەختە"، دلێمی وای گوت.   

دووشەمی رابردوو ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، بڕیار بوو هەفتەی ڕابردوو شاندی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات، بەڵام سەردانەكە بۆ ئەم هەفتەیە دواخرا، پێویستە پەلە لە سەردانەكە بكرێت و ئەمجارە ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە، چونكە ناكۆكییەكی ئەوتۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا نییە بۆ رێككەوتن.

زیاتر گوتی، بەغدا  داوای داهاتی نەوت و داهاتەكانی تری كردووە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لە بەرانبەردا داوای 900 ملیار دیناری كردووە، تەنیا ماوە لەسەر وردەكارییەكان بگەنە رێككەوتن، ئەوانیش داوا دەكەن رێژەیەكی كەمتر بدەنە هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە ئەمجارە كە شاندی هەرێم سەردانی بەغدای كرد، ئەم پرسە یەكلا بكەنەوە .

سەفار دووپاتی كردەوە، پێویستە ئەمجارە شاندی كوردستان بچنە ناو وردەكارییەكانەوە، چونكە بەغدا باس لە كەمتر لە 500 ملیار دینار دەكات كە بەشی هیچ ناكات، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە خۆیان یەكلا بكەنەوە، بۆیە دەبێت لە سەردانی ئەمجارە پرسەكە چارەسەر بكرێت و ناكرێت چیتر دوا بخرێت.

دیار بەرواری، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق گوتی، چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، یەكێكە لە كێشە گەورەكانی عێراق و پێویستە بە دیدێكی نیشتمانی و لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا بەركارەكان چارەسەر بكرێن، هەست بە بوونی نیازێك لای سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكەین بۆ بەسفڕكردنی كێشەكان لەگەڵ هەرێم، بەتایبەتی پشكی بودجە، هەروەها سووربوونێكی بەرانبەر لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆسیانە بە هەمان دید، بۆیە پێشبینی دەكەین لەم رۆژانەدا شاندی هەرێم بگاتە بەغدا و دەست بە گفتوگۆی كۆتایی بكرێت و بگەن بە رێككەوتنی كۆتایی نێوان هەردوو حكوومەت، هەر گوشارێكیش بۆ سازشكردنی هەرێم لەسەر مافە دەستوورییەكانی، لێدانە لە سیستمی فیدراڵی.

سێشەمی رابردوو جینین بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئامادەیی پێشان دا بۆ هاوكاریكردنی هەردوو حكوومەتی هەرێم عێراق بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی درێژخایەن جێی ڕەزامەندی هەردوولا و لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمیش دووپاتی كردەوە كە دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامە بە ئامانجی چارەسەكردنی هەموو كێشە هەڵپەسێراوەكان بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن لەسەر بنەمای دەستوور.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل