بەهۆی هێرشی دەروێشەكانەوە مەرزی باشماخ بەتەواوەتی داخرا

:: PM:07:19:09/07/2020 ‌

ئەمڕۆ پێنجشەم هەزاران شێخ و دەروێش، هەردوو دەرگای یەك و دووی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخیان شكاند و لە خاكی ئێرانەوە دوور لە رێكارە تەندروستییەكان هاتنە ناو خاكی هەرێم، بە فەرمانی جێگری سەرۆكی حكوومەت، مەرزەكە بۆ ماوەی 24 سەعات داخرا و بریندارێكیش بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، گەیاندراوتە نەخۆشخانەی پێنجوێن.
دەروێشێك بریندارە و تەندروستی جێگیرە
مەریوان كەمال، سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ،  بە"وشە"ی راگەیاند، رووداوەكەی ئەمڕۆ كە ژمارەیەكی زۆر لە دەروێش هاتنە باشماخ و دواتر بەرەو پێنجوێن و سنووری پارێزگای سلێمانی رۆیشتن، بۆ ئێمە چاوەڕواننەكراو بوو.

زیاتر گوتی، بەمەبەستی ئاساییكردنەوەی ئەو دۆخەی دوای هاتنی دەروێشەكان دروست بووە، بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، لە ئێوارەی ئەمڕۆوە و  بۆ ماوەی 24 سەعات، مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ بە رووی هەموو جموجۆڵێك داخراوە .

ئەو سەرپەرشتیارە روونی كردەوە، لایەنی ئێرانیمان لە داخستنی مەرزەكە ئاگەدار كردووەتەوە، بۆ ئەوەی ئەوانیش رێكاری پێویست بگرنە بەر و دەروێشەكان پێش هاتنیان بۆ ناو مەرزی باشماخی هەرێم لەدیوی ئێرانەوە، لەگەڵ هێزەكانی پاسداران و پاسەوانی سنوور، ڕووبەڕووی یەكتربوونەتەوە و نەتوانراوە هاتنیان كۆنتڕۆل بكرێت.
لای خۆیەوە لوقمان لەتیف، لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێن، بە"وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە تەنیا یەك بریندار گەیشتووەتە نەخۆشخانەكەمان، ئەویش گولەیەك بەر رانی كەوتووە و تەندروستی جێگیرە، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەك لە دەروێشەكان لە دیوی ئێرانەوە بە تەقەی هێزەكانی پاسداران بریندار كراون، بەڵام لایەنی ئێرانی داوای گەڕاندنەوەی ئەو بریندارەیان كردووە.

شایەنی باسە مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە شارۆكەی پێنجوێنەوە دوورە و لە رێككەوتی 21ی شوباتی رابردووەوە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە كاروباری گەشتیاری تیادا راگیراوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو شێكندرا و دەروێشەكانی ئێران و رۆژهەڵات، سنووریان بەزاند و گوێیان بە كۆرۆنا نەدا.

پێنجوێن/ تایبەت


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل