مانگرتنی ئەفسەرانی هاتوچۆ شەقامەكانی سلێمانی تووشی جەنجاڵی كردووە

:: PM:07:45:09/07/2020 ‌

مانگرتنی كارمەندانی هاتوچۆ بەردەوامە، ئەوەیش كاری كردووەتە سەر هاتوچۆی ئۆتۆمبیلەكان، بەشێوەیەك شەقامەكانی شاری سلێمانی و ناوبازاڕەكانی لاوازیی رێكخستنی هاتوچۆی پێوە دیاربێت و ئۆتۆمبێل و شۆفێران بە ویستی خۆیان سەرپێچی بكەن و پابەندی سیستمی هاتوچۆ نەبن.
شەقامەكان ئەفسەرێكی هاتوچۆی لێ نەبوو قسە بكات
وەك پەیامنێری "وشە" لەناو شاری سلێمانی ئاماژە دەكات، ئەمڕۆ ئەفسەرانی هاتوچۆ بۆ رێكخستنی هاتوچۆی ناوشار و شەقامەكان لە جەنجاڵی و قەرەباڵغی و رێككردنەوەی بازاڕ لە چوارڕیان و شەقامەكان، كاریان نەكردووە و هیچ ئەفسەرێكی هاتوچۆ لە شەقامەكانی ناوبازاڕ نەبووە.

ئەفسەرانی هاتوچۆ بۆ رێكخستنەوە و ریگریكردن لە شۆفیران و ئۆتۆمبێل تا سەرپێچی نەكەن و بەپێی رێنوێنی و یاسای هاتوچۆ دانراون، بەڵام ئەمڕۆ بەبێ ئەفسەرانی هاتوچۆ شەقامەكان جەنجاڵ بوون، "وشە"، بەمەبەستی وەرگرتنی وتەی ئەفسەرانی هاتوچۆ، هەوڵی دا قسە لەگەڵ چەند ئەفسەرێك بكات، بەڵام لە شەقامەكان و ناوبازاڕیش هیچ ئەفسەرێكی هاتوچۆی لێ نەبوو.

شایەنی باسە ماوەی سێ هەفتە دەبێت ئەفسەران و كارمەندانی هاتوچۆ مانگرتنیان لە دەوام راگەیاندووە و وەك خۆیان دەڵێن، ئامادەنین دەوام بكەن تا مووچەكەیان چاك نەكرێت.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل