پێنج كەسیتر لە سلێمانی بە كۆرۆنا مردن

:: PM:08:07:09/07/2020 ‌

ئاماری قوربانیانی كۆرۆنا لە دنیا و لە هەرێمی كوردستانیش روو لە هەڵكشانە و دۆخەكە پێویستی بە خۆپارێزی و پابەندی بە رێنوێنییەكان هەیە، ئەمڕۆ پێنجشەم پێنج تووشبووی تری ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی گیانیان لەدەست دا.
تا ئێستە زیاتر لە 240 تووشبوو گیانیان لەدەست داوە
 عەبدوڵا ئەحمەد، سەرپەرشتیاری تیمی بە خاكسپاردنی مردووانی كۆرۆنا لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، هاووڵاتییان چەند پابەندی رێنوێنییە تەندروستییەكان بن، حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا كەمتر دەبێت و دەتوانرێت دۆخەكە زیاتر كۆنتڕۆل بكرێت.

زیاتر گوتی، ئەمڕۆ لە سلێمانی پێنج حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی كۆرۆنا تۆمار كراوە، لەو ژمارەیە سیانیان خەڵكی ناو شاری سلێمانین و دووانیان دەرەوەی شار، كە شارەزوور و هەڵەبجەیی بوون، داوا دەكەین هاووڵاتییان تەنیا لەبەر سەلامەتی ژیانی خۆیان و كەسوكاریان، پابەندیی رێنوێنییەكان بن.

دووپاتی كردەوە، گیانلەدەستدانی كۆرۆنا بۆ ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ چوارشەم زیادی كردووە، چونكە دوێنێ دوو حاڵەتی مردن لە سلێمانی تۆمار كرا.

شایەنی باسە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سلێمانی تا ئێستە زیاتر لە 240 هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و زۆرترینیان خەڵكی ناو شاری سلێمانین.


سلێمانی/ هۆشیار عەلی









وشە - مه‌حموود ئیسماعیل