پەرلەمانتارێك: بەشێك لەو ئەندامانەی خانەنشینی ڕەت دەكەنەوە نایانگرێتەوە

:: PM:08:47:09/07/2020 ‌

پەرلەمانتاران بۆچوونی جیاوازیان لە بارەی پڕكردنەوەی فۆڕمی ڕەتكردنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاری هەیە، یەكێكیان لەگەڵ خانەنشینی پەرلەمانتارییە و پێی وایە پەرلەمانتار نابێت بچێتەوە سەر كاری پێشووی، یەكێكی تر دەڵێت ئەوانەی رەتیان كردووەتەوە، بەشێكیان خانەنشینی نایانگرێتەوە.
زۆر لە پەرلەمانتاران خانەنشینی ڕەت دەكەنەوە، بەڵام بڵاوی ناكەنەوە
لەماوەی رابردوودا یاسای چاكسازی خرایە بواری جێبەجێكردن و یەكێك لە خاڵەكانیش بڵاوكردنەوەی فۆڕمێكە بۆ دەستبەرداربوونی خانەنشینی پەرلەمانتاری لەم خولە و خولەكانی پێشوویش، بەڵام تا ئێستە تەنیا هەشت پەرلەمانتار فۆڕمەكەیان پڕ كردووەتەوە و خانەنشینی پەرلەمانتارییان ڕەت كردووەتەوە.

بەڵێن عەبدوڵا، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی ئەمڕۆ پێنجشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بابەتی پڕكردنەوەی فۆڕمی ڕەتكردنەوەی خانەنشینی پەرلەمانتاری، زیاد لە قەبارەی خۆی گەورە كراوە، ئەوانەیشی ڕەتیان كردووەتەوە، بەشێكیان خانەنشینی نایانگرێتەوە.

زیاتر گوتی، هێشتا ئێمە لە سەرەتای كاری پەرلەمانیداین، هێشتا زووە بۆ ئەوەی بزانین كێ خانەنشینی ڕەت دەكاتەوە، لەبارەی هەڵوێستی فراكسۆنەكەی گوتی، ئەوەندەی من زانیاریم هەبێت، پەرلەمانتارانی ئێمە زۆربەیان خانەنشینی ڕەت دەكەنەوە، بەشێكیشیان فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە، بەڵام نایكەنە هەڵا و لە ڕاگەیاندنەكان و بڵاویان نەكردووەتەوە.

لای خۆیەوە باڵامبۆ محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بابەتی خانەنشینی پەرلەمانتاری گەورە كراوە، چونكە هەر بابەتێك كە خرایە ڕوو، دەبێ هەردوو لایەنی ئەرێنی و نەرێنی لێك بدرێتەوە.

زیاتر گوتی، گەنجێك دەبێتە پەرلەمانتار هیچ كارێكی نەبووە، كە خولەكەی تەواو بوو، دەبێت بێكار بێتەوە، یان پەرلەمانتارێك پێشتر لە حزب بووە یان مامۆستای زانكۆ و خوێندنگە بووە، ئەم پەرلەمانتارە لەماوەی كاری خۆیدا ڕەخنەی لە سیستمی پەروەردە گرتبێت، كە گەڕایەوە سەر كارەكەی، بەڕێوەبەرەكەی یان بەرپرسەكەی هەمووی لە قورگی دەردەكاتەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی فراكسۆنی یەكێتی باسی لەوەیش كرد، ناكرێ پەرلەمانتار بكرێتە كۆیلەی دەسەڵاتدار و حزب، دەبێت لەماوەی كاری پەرلەمانیدا بوێر بێت و دەست بۆ هەموو دۆسیەكی گەندەڵی بەرێت، ترسی ئەوەی نەبێ سبەینێ كە لە پەرلەمان نەما ڕووبەڕووی سەركۆنەكردن ببێتەوە، بۆیە پێویستە پەرلەمانتار دوای كاری پەرلەمانتاری خانەنشین بكرێت، بۆ ئەوەی لەلایەن هیچ كەسێكەوە نەكڕدرێت بە پێدانی پارە ڕازی بكرێت و واز لە دۆسییەكانی گەندەڵی بێنێت.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل