له ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی هه‌واڵگری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا هاتووه، كه ئێران هه‌وڵ و هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر ژێرخانی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری ئه‌ڵمانیا زۆر زیادی كردووه و ئامانجیه‌تی زانیاری ورد و هه‌ستیار له‌باره‌ی پێشخستنی توانای سه‌ربازی و چه‌ك له ئه‌ڵمانیا بدزێت و هۆشداریش له‌وباره‌وه به تاران ده‌دات.
ڕاپۆرته‌كه‌ی هه‌واڵگری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا كه له 388 لاپه‌ڕه پێكهاتووه به وردی تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه هێرشه ئه‌لیكترۆنییه‌كانی ئێران له سێ ساڵی ڕابردوو بۆ سه‌ر سیسته‌می ته‌كنه‌لۆجیای ئه‌ڵمانیا زۆر زیادی كردووه، ئامانجی ئه‌و هێرشانه‌یش به‌هۆی زیاتربوونی گرژییه‌كانه له‌گه‌ڵ ئێران و سه‌پاندنه‌وه‌ی سزاكانه به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه و ده‌یه‌وێ ده‌ستی به زانیاری هه‌ستیار و ورد بگات، بۆ په‌ره‌پێدانی سیسته‌می سه‌ربازی وڵاته‌كه، جیا له‌وه‌یش وه‌ك فشارێك ئه‌مه به‌كارده‌هێنێت، بۆ كاریگه‌ری دانان له‌سه‌ر ناوه‌نده‌كانی دروستكردنی بڕیار له ئه‌ڵمانیا و وڵاتانی تری جیهان.
ئێران ده‌یه‌وێ زانیاری هه‌ستیار له سیسته‌می ته‌كنه‌لۆجیای ئه‌ڵمانیا بدزێت
ڕوونی كردووه‌ته‌وه، كه سه‌ره‌ڕای هێرشه ئه‌لیكترۆنییه‌كان، جموجۆڵی فره‌وانی هه‌واڵگری ئێران و فه‌یله‌قی قودسی سه‌ر به سوپای پاسداران له سه‌ر خاكی ئه‌ڵمانیا بوونی هه‌یه و ئامانجی ئه‌و جموجۆڵانهیش بریتییه له سیخوڕیكردن به‌سه‌ر ڕێكخراوه‌كانی ئیسرائیل و جووه‌كانی وڵاته‌كه و ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی كه پشتیوانی ئیسرائیل ده‌كه‌ن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی جموجۆڵه‌كان ته‌نیا بۆ سیخوڕیكردنه‌وه و هه‌ڕه‌شه‌ی هێرش و دروستكردنی توندوتیژی نییه، به‌ڵام ئه‌مه كارێكی ڕێگه‌پێدراو نییه و ئه‌ڵمانیا ڕووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌یش ناشاردرێته‌وه كه ئێران تۆڕێكی فره‌وانی سیخوڕی له وڵاته‌كه دروست كردووه و ئاماده‌ن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ر هه‌ڵمه‌ت و ئۆپراسیۆنێك دژ به ئامانجه سنووردارهكانیان.
له‌باره‌ی ئه‌و ڕێكخراو و ناوه‌نده ئێرانیانه‌ی كه له ژێر په‌رده‌وه كاری سیخوڕی ده‌كه‌ن، له ڕاپۆرته‌كه ئاماژه دراوه، كه ناوه‌ندی ئیسلامی له هامبۆرگ گه‌وره‌ترین نوێنه‌رایه‌تی سیسته‌می تاران له ئه‌ڵمانیا ده‌كات، دوای ئه‌وه باڵوێزخانه‌ی ئێران له به‌رلین دێت، كه به هه‌ماهه‌نگی ده‌ستیان به دروستكردنی تۆڕێكی گه‌وره‌ی پێوه‌ندیكردن له ناوخۆی ئه‌ڵمانیا كردووه، له نێو هه‌موو مزگه‌وت و كۆمه‌ڵه شیعییه‌كانی ئه‌ڵمانیا چالاكی ئه‌نجام ده‌ده‌ن و كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵكی داده‌نێن و هه‌وڵی كێشكردنی شیعه نائێرانییهكانیش بۆ ڕیزی خۆیان ده‌ده‌ن و كولتوور و فه‌رهه‌نگ و سیاسه‌ت و ستراتیجی كۆماری ئیسلامی ئێران له هزریان ده‌چه‌سپێنن و ده‌یانكه‌ن به به‌شێك له گرووپی خۆیان بۆ جموجۆڵكردن له ئه‌ڵمانیا و ته‌واوی ئه‌وروپا.
له‌سه‌ر پرسی چالاكی و جموجۆڵه‌كانی هه‌واڵگری توركیایش له وڵاته‌كه له
ڕاپۆرته‌كه به‌شێكی تایبه‌تی بۆ ته‌رخانكراوه و نووسیویه‌تی، ده‌سته‌ی پاراستنی ده‌ستووری ئه‌ڵمانی "هه‌واڵگری ناوخۆ" دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه، كه ده‌زگه‌ی هه‌واڵگری توركیا زۆر به ئاسایی و ئاسانی له نێو ئه‌ڵمانیا جموجۆڵ ده‌كات و به‌رده‌وامه له‌سه‌ر فره‌وانكردنی تۆڕی سیخوڕانی له نێو ئه‌ڵمانیا، ئه‌مه‌یش به‌هۆی زۆری ژماره‌ی هاووڵاتییانی به ڕه‌گه‌ز تورك له ئه‌ڵمانیا كه ڕێژه‌یان ده‌گاته چوار ملیۆن كه‌س، له ئه‌نجامی چاودێرییهكانیش بۆ ده‌زگه‌كه ده‌ركه‌وتووه كه توركیا نۆ هه‌زار سیخوڕی له‌سه‌رتاسه‌ری ئه‌ڵمانیا هه‌یه و ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئه‌و تۆڕه سیخوڕییانهیش هه‌ڵگرتنی شوێنپێی چالاكانی كورد و پشتیوانانی فه‌تحولا گوله‌نه له ئه‌ڵمانیا و هه‌ندێجاریش له وڵاتێكی تر له‌ناویان ده‌به‌ن، به‌ڵام له سنووری ئه‌ڵمانیا نا‌وێرن كاری له‌م شێوه‌یه بكه‌ن، به‌ڵكوو به ته‌ڵه ئه‌و كه‌سانه ده‌نێرنه وڵاتێكی تر و له‌وێ له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته پێشوه‌خته ڕێككه‌وتوون و له‌ناویان ده‌به‌ن.
توركیا نۆ هه‌زار سیخوڕی له ئه‌ڵمانیا هه‌یه
له‌لایه‌كی تره‌وه هۆرست زیهۆفه وه‌زیری ناوخۆ و تۆماس هالدنفانغ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستنی ده‌ستوور له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانی هاوبه‌ش دووپاتیان له‌سه‌ر ترسناكی "ڕاستڕۆ توندڕۆكان"یش كرده‌وه له‌سه‌ر وڵاته‌كه و به گه‌وره‌ترین مه‌ترسیان هه‌ژمار كردن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یش دا هێمایان بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه ئیسلامی توندڕۆیش یه‌كێكه له هه‌ڕه‌شه ترسناكه‌كان كه به‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی گرتووه و كۆتایی نه‌هاتووه.
هالدنفانغ ڕای گه‌یاند، كه توندڕۆ ئیسلامییه‌كان تا ئێ{تهیش هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌ن له‌سه‌ر ئه‌ڵمانیا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌مان ماوه‌ی سێ ساڵه هیچ كرده‌یه‌كی تیرۆریستی به‌خۆیه‌وه نه‌دیوه، له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه نێودهوڵهتییهكانیشمان له هه‌ماهه‌نگی پته‌و و به‌هێزداین بۆ دۆزینه‌وه‌ی توندڕۆكان و گرتن و دادگه‌یی كردنیان، بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ڕێ له هه‌موو كرده‌یه‌كی تیرۆریستی له سنووری خاكی ئه‌ڵمانیا له ئێسته و داهاتوو بگرین.
هاوكات زیهۆفه ڕوونی كرده‌وه، كه بوونی حزبوڵایش له‌سه‌ر خاكی وڵاته‌كه‌مان به توندی ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه و به گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش هه‌زار و 50 كه‌سی سه‌ر به حزبوڵا له ئه‌ڵمانیا بوونیان هه‌یه، به شێوه‌یه‌كی گشتیش خه‌مڵاندنمان كردووه كه 650 توندڕۆی ئیسلامی هه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ن له‌سه‌ر وڵاته‌كه‌مان.
له ڕاپۆرته‌كه دووپات له‌وه‌یش كراوه‌ته‌وه، كه پێویسته پێشبینی ئه‌وه بكه‌ین كه ئه‌ندامانی حزبوڵا كرده‌ی تیرۆریستی له وڵاته‌كه‌مان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هاوكات ئه‌مساڵ ڕێژه‌ی ئه‌ندامانی ئیخوان موسلیمینیش ڕووی له زیادبوون گرتووه و ژماره‌یان گه‌یشتووه‌ته هه‌زار و 350 ئه‌ندامی ئیخوان، له 2019ه‌وه تا ئێسته 300 ئه‌ندامی تری ئه‌و گرووپه له ئه‌ڵمانیا زیادی كردووه.