مەلا كرێكار بە 12 ساڵ زیندانیی حوكم درا

:: AM:11:52:11/07/2020 ‌
نەجمەدین فەرەج ئەحمەد كە بە مەلا كرێكار ناسراوە، لە دادگایەكی ئیتالیا بە تۆمەتی ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی بە 12 ساڵ زیندانیی سزا درا.

دوای چەند هەفتە لە دادگاییكردن و لێكۆڵینەوە، دواجار مەلا كرێكار و پارێزەرەكەی نەیانتوانی ئەو تۆمەتانە رەت بكەنەوە كە خرابووە پاڵی، بۆیەش دادگای ئیتالیا حوكمەكەی بەسەریدا سەپاند. پرۆسەی دادگاییكردنەكە لە شارۆكەی بۆلزانۆ بەڕێوە چوو.


لە دوای كۆتاهاتنی دادگاییەكە و وەرگرتنی دواین قسەی تۆمەتبار و سكاڵاكەر، دادگا تاوانی سەرۆكایەتیكردنی تۆڕێكی تیرۆریستیی دایە پاڵ مەلا كرێكار  بە ناوی رەوتی شاخ و بە ئەنجامدانی كاری تیرۆریستی 12 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپاند.

پێویستە بگوترێ لە دوای راپەڕینەوە مەلا كرێكار بە خێزانەوە لە نەرویج گیرسابووەوە و رەگەزنامەی ئەو وڵاتەشیان وەرگرتبوو. ئەمساڵ نەرویج مەلا كرێكاری رادەستی ئیتالیا كرد بۆ ئەوەی دادگایی بكرێت.
بە دامەزرێنەری رەوتی شاخ دادەنرێت

مەلا كرێكار لە ساڵی 1956 لە پارێزگای سلێمانی لە دایك بووە و بە دامەزرێنەری رەوتی شاخ دادەنرێت كە بەشێك بووە لە ئەنسار ئیسلام.

ئەنسار ئیسلام  بە تایبەتی لە دەیەی یەكەمی دوای راپەڕین زۆرترین تاوانی تیرۆریستییان لە كوردستان ئەنجام داوە و دەیان پێشمەرگە و هاووڵاتیی سڤیلیان شەهید كردووە.



وشە - سلێمان تاشان