تەندروستی هەولێر تێبینییەکانی لەبارەی قەدەغەی هاتوچۆ ڕاگەیاند

:: PM:12:10:11/07/2020 ‌
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر ڕای دەگەیەنێت، پێمان باشە لەسەر تاكپارێزی كار بكەین و هاووڵاتییان سەرقاڵی پیشەی خۆیان بن و خۆشیان بپارێزن.

ئەمڕۆ شەموو 11ـی تەمووز، دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێستە وەك تەندروستی هەولێر پێمان باشە تاكپارێزی كە لە هەموو گرنگترە جێبەجێ بكرێت، چونكە خەڵك پیشەی خۆیشی جێبەجێ‌ دەكات و تەندروستیش دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر گوتی، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ژووری ئۆپراسیۆنەكان چەندان بابەت هەن گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، هەروەها ئەو شوێنانەی زۆر جەنجاڵ دەبن، قەدەغە بكرێن یان دابخرێن.

ئەو شوێنانەی زۆر جەنجاڵ دەبن، قەدەغە بكرێن یان دابخرێن 
باسی لەوەش كرد، ئەو بڕیارانەی پێشوو هەبوون تایبەت بە شوێنە گتشییەكان لە ڕۆژانی هەینی دابخرێن، بەردەوامی هەبێت و كاریگەریی هەبووە، ئەگەر بەردەوام بێت كاریگەریی دەبێت لە داهاتوودا.

ڕوونی كردەوە، 643 نەخۆش لە نەخۆشخانەكانی هەولێردان و 15 نەخۆش لە چاودێریی چڕن، هەروەها بەهۆی زۆربوونی ژمارەی ئەو كەسانەی باری تەندروستییان تەواو نییە، ئێستە ژمارەیان بۆ 40 كەس بەرز بووەتەوە، بۆیە نەخۆشخانەی كۆماریش خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.




وشە - رامیار جەواد