هێزەكانی عێراق كۆنتر‌وڵی دوو دەروازەی سنووری لەگەڵ ئێران دەكەن

:: PM:03:31:11/07/2020 ‌
لە ماوەی دواییدا مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵێنی دا كە لە چوارچێوەی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، دەروازە سنوورییەكانی عێراق كۆنترۆڵ بكات، ئەمڕۆ فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان رای گەیاند كە كۆنترۆڵی دوو دەروازەی سنووریان لەگەڵ ئێران كردووە.
هەوڵێكە بۆ نەهێشتنی گەندەڵی
بەپێی بەیاننامەیەكی فەرماندەییەكە ئەمڕۆ شەموو هاتە بڵاوكردنەوە، هێزێكی تایبەت بە شێوەیەكی بەردەوام كۆنترۆڵی هەردوو دەروازەی مەندەلی و مونزرییەی سنووری لەگەڵ ئێران لە سنووری پارێزگای دیالە  دەكات، ئەوەیش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی نەهێشتنی گەندەڵییە. 

زیاتر هاتووە، هێزەكانی كاردانەوەی خێرا كۆنترۆڵی هەردوو دەروازەی مەندەلی و مونزرییەیان كردووە، لەوكاتەی دوێنێ هەینی هێزێكی تەناهی لە بەغداوە رووی لە دەروازەی مەندەلی كردبوو بەمەبەستی كۆنترۆڵكردنی، ئەوەیش لە چوارچێوەی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر دەروازە سنوورییەكان، بەتایبەتی لە ماوەی پێشتر چەندان كێشە لەو درەوازانە هەبووە.  

ئەوە لەوكاتەی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هێزە تەناهییەكانی سەرپشك كرد بە تەقەكردن لەوانەی پێشێلكاری لە دەروازە سنوورییەكان دەكەن، ئەوەیش لە میانەی سەردانی بۆ دەروازەی مەندەلی و دووپاتی كردەوە كە لەمەودوا گومرگەكان لەژێر پاراستنی هێزە سەربازییەكان دەبن.

هەفتەی رابردوو رەعد دەهلەكی، پەرلەمانتاری سوننە گوتی، داوا لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران دەكەین سەردانی پارێزگای دیالە بكات و ئاگەداری دۆخی شارەكە بێت، كە بەدەست كێشەی تەناهی و كارگێڕییەوە دەناڵێنێت، پارێزگاكە پێویستی بە چاكسازی و كۆنترۆڵكردنی تەناهی هەیە، لە دژی گرووپەكانی یاساشكێن كە یاری بە تەناهی پارێزگاكە و بەرژەوەندی و ئابووری و دۆخە سیاسییەكەی دەكەن، ئەوان لە رێگەی دەستگرتن بەسەر دەروازە سنوورییەكان بازرگانی مادەی هۆشبەر دەكەن، بەشێوەیەك مادەی هۆشبەر بووەتە سیمایەكی پارێزگاكە.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل