حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەرە بە هەناردە دەدات

:: PM:03:42:11/07/2020 ‌
سیاسەتی نوێی حكوومەتی هەرێم ئەوەیە هاوسەنگی بكرێت لە هاوردە و هەناردە و تەرازووی بازرگانیی لە قازانجی بەرهەمی ناوخۆیی گۆڕانكاری بەسەردا بێت.

ئەمڕۆ شەموو 11ی تەمووز، كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هاوردەمان ئاساییە و لە تەواوی جۆرەكانی كاڵا هەیە و هیچ گرفتێك لە بەردەم هاوردە نییە و ڕێكارەكانیش لە هەمبەر كۆرۆنا لە دەروازەكان بەردەوامە، هیچ گرفتێك لە ناوخۆ و لە وڵاتان لە بەردەم هاوردە ڕووی نەداوە و ئەوەی زیاتر گرنگی پێ دەدەن، پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و دۆزینەوەی بازاڕە بۆیان.

ئەو ئاماژەی دا هەوڵ دراوە پەرە بە هەناردە بدرێت. بۆ نموونە ئێستە بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق و سووریا شیش و چیمەنتۆ هەناردە دەكرێت. جگە لەمانە پێستی خۆشكراو و مادەی كۆنە بۆ دەرەوه دێتە ناردن، بەرهەمی هەنگوینی كوردستانیش خواستی لەسەرە و بۆ وڵاتانی كەنەدا و ئەڵمانیا هەناردە دەكرێت.

لەبارەی بەرهەمی كشتوكاڵی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی روونی كردەوە، بەرهەمی كشتوكاڵی تەنیا هەناردەی بازاڕەكانی پارێزگاكانی عێراق دەكرێ و ئێستە خەریكی لابردنی لەمپەرەكانن، نموونەی بەرهەمی كشتوكاڵیش بۆ وڵاتانی كەنداو هاتووەتە ناردن بۆ ئەوەی بتوانن لە ئایندەدا بەرهەمی كشتوكاڵی لە وڵاتانی كەنداو ساغ بكەنەوە.

قەبارەی هاوردە لەگەڵ هەناردە جیاوازییەكی زۆری هەیە
بەبۆچوونی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە سیاسەتی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم باس لەوە كراوە هاوسەنگییەك لە نێوان هاوردە و هەناردە دروست بكرێت، قەبارەی هاوردە لەگەڵ هەناردە جیاوازییەكی زۆری هەیە، بۆیە سیاسەتی حكوومەت ئەوەیە ئەو بەرهەمانەی له ‌دەرەوه ‌دێن لە ناوخۆ بەرهەم بهێنرێن  و رێ بە هاوردەیان نەدەن و تەنانەت هەناردەشیان بكەنەوە.
 
پێویستە بگوترێ لەگەڵ ئاساییبوونەوەی ڕێكارە تەندروستییەكان بەهۆی كۆرۆناوە، جووڵەی بازرگانی زیاد دەكات و وەك كەمال تەیب ئاماژەی دا، ئەو ڕێكارانەی لە دەروازەكان گیرابوونەبەر، جووڵەی بازرگانییان كەم كردبووەوە.

هەڵەبجە/ عەزیز ڕەسووڵ


وشە - سلێمان تاشان