دوای كوژرانی هاشمی.. كازمی گوشارەكانی بۆ سەر میلیشیاكان زیاتر دەكات

:: PM:04:31:11/07/2020 ‌

دوای هێرشەكەی دوایی دژەتیرۆری عێراق بۆ سەر بارەگایەكی كەتیبەكانی حزبوڵا لە نزیك بەغدا و گرتنی 14 ئەندامی ئەو گرووپە كە سەرقاڵی هێرشێكی مووشەكی بوون بۆ سەر ناوچەی سەوز، رووداوەكە بە ئازادكردنی گیراوەكان و بۆ بەرژەوەندی حزبوڵا كۆتایی هات، ئەوان مووشەكبارانی تریان كرد و هیشام هاشمی، شارەزای تەناهی نەیار بۆ میلیشیاكانیان كوشت، ئێستەیش كازمی هەنگاوەكانی بۆ سەر ئەو میلیشیایانە توندتر كردووە.
بۆ لەمەودوا هێزە سەربازییەكان كۆنتڕۆلی دەروازە سنوورییەكان دەكەن
دوێنێ هەینی هێزێكی سەربازی لە بەغداوە رەوانەی پارێزگای دیالە كرا، ئەمڕۆ كۆنترۆڵكردنی هەردوو دەروازەی سنووری مەندەلی و مونزرییەیان لە پارێزگاكە لەگەڵ ئێران راگەیاند، ئەو دەروازەی زیاتر بەدەستی میلیشیاكان بووە، لەوانە هێزی بەدری سەر بە هادی عامری، ئەمڕۆ هێزێكی سەربازی كۆرنترۆڵی هەدوو دەروازەكەی كردووە و كازمیش رای گەیاند كە چیتر رێگە بە دزینی سامانی گشتی نادەن.

ئەمڕۆ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە هاوەڵی عەمەر وائلی، بەڕێوەبەری دەروازە سنوورییەكان گەیشتە دەروازەی مەندەلی، كە دوای چەند مانگێك داخرانی تازە كراوەتەوە، ئەوە جیا لەوەی گومانی گەندەڵییەكی گەورەی تیادا دەكرێت لە قاچاغ و بازرگانی مادەی هۆشبەر و چەك لەلایەن میلیشیاكانەوە، كازمی بە میدیاكانی عێراقی گوت، قۆناغی سەپاندنی یاسا دەستی پێ كردووە و چیتر رێگە بە دزینی سامانی گشتی نادەین لەو دەروازانانە، بۆ لەمەودوا دەروازە سنوورییەكان لەژێر كۆنتڕۆلی هێزە سەربازییەكان دەبن.

هیشام هاشمی، شارەزای تەناهی عێراق كە بەوە ناسرا بوو، بێ گوێدانە میلیشیاكان قەسە دەكات و زانیارییەكان دەخاتە روو، ئەو بەر لە كوژرانی لە بەغدا لە هەفتەی رابردوو گوتبووی، حكوومەتی عێراق بەنیازی جێبەجێكردنی پلانێكی تەناهییە بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری یاسا بەسەر هەموو دەروازە سنوورییەكان و دەركردنی نووسینگە ئابووریی سیاسی و ئەوانە میلیشیاكانە لەو دەروازانە، ئەو هەنگاوەیش زیان بە ئابووری ئەوان و گەندەڵكاران دەگەیەنێت، كە لەلایەن سەرانی مووشەكوەشێنەكان دەپارێزرێن، وەك ئاماژەیەك بۆ میلیشیاكانی ئێران.

هاشمی لە دیدارێكی تری تەلەڤزیۆنی گوتبووی، كەتیبەكانی حزبوڵا و بزووتنەوەی نوجەبا، كۆنترۆڵی دەروازەی قائیم دەكەن، ناكرێت دەسەڵاتی ئەوانە بەسەر دەروازەكە بە كردەیەكی سەربازی یان بە دەنگدانی پەرلەمان لابدرێت، بۆیە ئێستە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەو میلیشیایانەی نییە، چونكە دەبێتە رووبەڕووبوونەوەیەكی مەترسیدار (شكاندی ئێسك)، جیا لەوە ئەو گرووپ و هێزانە وەك سەرچاوەی دارایی پشت بە داهاتی ئەو دەروازانە دەبەستن، لەوكاتەی ململانێی هەرێمی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو دەروازە سنوورییانە لە قائیم و وەلید و رەبیعە هەیە.

لەو كاتەی حكوومەتی عێراق لە مانگی ئابی رابردووەوە دەروازەی مەندەلی لەبەر هۆكاری كارگێڕییەوە داخست، بەڵگەنامەیەكی نهێنی حكوومەت، كە نەتوانراوە دووپات لە راستییەكەی بكرێتەوە، دەری دەخات كە لە 27ی ئۆكتۆبەری رابردوو نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی ئەوكات، سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی سەرپشك كردووە، بۆ كردنەوەی دەروازەی سنووری مەندەلی لەبەردەم هاتوچۆی كاڵاكان. 

هەر لەو ناوەدا بەرپرسێكی باڵای تەناهیی عێراق ئاشكرای كرد كە لە كانوونی یەكەمی رابردوودا دەروازەی سنووری مەندەڵی، دەروازەیەك بووە بۆ هێنانی بە قاچاغی چەك و مووشەكی بالیستی ئێرانی، ئەوكاتەی مووشەكە ئێرانییەكان دەهێنرانە ناوچەیەكی نزیك لە دەروازەی مەندەلی لە دیوی ئێران و لەوێوە بە بارەبەری ئێرانی دەگوازرانەوە بۆ ئۆتۆمبێلەكانی سەر بە پۆلیسی فیدراڵی و دوای ئەوە بۆ ئەمبارەكانی چەكی سەر بە میلیشیاكانەوە، بەر لەوەیش رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی لە راپۆرتێكیدا لە نۆڤێمبەری رابردوو ئێرانی سوودی لە ناڕەزایەتییەكان بینیوە و بە نهێنی ئەمبارێكی مووشەكی بالیستی نزیك مەودای لە عێراق دامەزراندووە، بەمەبەستی ترساندن و دووپاتكردنەوەی هێزی لە ناوچەكە. 

لای خۆیەوە ئەحمەد خزر، شرۆڤەكاری سیاسی باس لەوە دەكات، شاراوە نییە یەكێك لە سەرچاوەكانی پاڵپشتی دارایی میلیشیاكان لە عێراق، كە دوژمنداری بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا دەكەن، یەكێك لە سەرچاوەی داراییان دەروازە سنوورییەكانە، كە لەلایەن دەوڵەتەوە كۆنترۆڵ نەكراوە، وەك دەبینن كازمی باسی دەروازە سنوورییەكان دەكات، دیاری ناكات مەبەستی كۆنترۆڵكردنەوەی كامە دەروازەیە، ئەوەیش هەنگاوێكی زیرەكانەیە بۆ شاردنەوەی ئەوەی مەبەستیەتی.

زیاتر گوتی، مەبەستی كازمی لەو هەڕەشانە، وشككردنی سەرچاوەی دارایی چەند گرووپێكە كە بەتەواوەتی بەرهەڵستی بڕیار و سیاسەتەكانی حكوومەت و دەوڵەت دەكەن، ئەگینا بۆ نموونە كازمی پێویستی بە هێز نییە بۆ كۆنترۆڵكردنی چەند دەروازەیەك لە هەرێمی كوردستان یان لە باشووری عێراق، چونكە لێكگەیشتن و رێككەوتنی پێشوو هەیە، ئەوەی كازمی مەبەستیەتی، دەروازەی ئەلبووكەمالە لەگەڵ سووریا، كە رەهەندێكی ستراتیجی و تەناهی و دارایی گەورەی هەیە، گومان هەیە بەوەی لەو دەروازە ئالوگۆڕی چەك و پارە دەكرێت، بۆیە كازمی پلانێكی هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی دەروازەكان، مەبەستی سەرەكیی دەروازەی ئەلبوكەمالە، ئینجا كۆنترۆڵكردنی دەروازەكانیتر.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل