وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ورده‌كاریی شه‌قامی 100 مه‌تریی شاری سلێمانی خسته‌ڕوو و ڕای گه‌یاند، پڕۆژه‌كه جێی گرنگیی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستانه.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 11ی تهمووز، مه‌سروور بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان بناغه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تری له سلێمانی دانا. ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری هه‌رێمی كوردستان له لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانی رای گه‌یاند، ئه‌و پڕۆژه‌یه تا 20 ساڵی تر كێشه‌ی جه‌نجاڵیی هاتوچۆ له شاری سلێمانی چاره‌سه‌ر ده‌كات.
درێژیی شه‌قامی 100 مه‌تریی سلێمانی له‌گه‌ڵ تۆڕی شه‌قامه لاوه‌كییه‌كانی 146 كیلۆمه‌تره
ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زیاتر گوتی، پڕۆژه‌ی شه‌قامی 100 مه‌تریی سلێمانی پڕۆژه‌یه‌كی ستراتیجییه و له ئه‌نجامی فراوانبوونی شاری سلێمانی، به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی هاتوچۆ و نه‌هێشتنی جه‌نجاڵی هاتوچۆ جێبه‌جێ ده‌كرێت.
وه‌ك دووپاتی كرده‌وه كه ئه‌م پڕۆژه‌یه له سه‌ره‌تاوه له كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و جێی بایه‌خی سه‌رۆكی حكوومه‌ت خۆی بووه.
له‌باره‌ی ورده‌كارییه‌كانی پڕۆژه‌كه، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار رای گه‌یاند، پڕۆژه‌كه له ماسته‌رپلانی سلێمانیدا له دوو شه‌قامی شێوه ته‌ریب پێكهاتووه كه له رۆژئاوا بۆ رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی درێژ ده‌بێته‌وه، له‌كاتی ته‌واوبوونی هه‌موو پڕۆژه‌كه، شه‌قامه‌كانی 60 مه‌تری و 100 مه‌تری به‌شێوه‌ی تۆڕێك له شه‌قام به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه و رووپۆشی رووبه‌ری 472 كیلۆمه‌تر دووجا ده‌كات.
درێژیی شه‌قامی 100 مه‌تریی سلێمانی له‌گه‌ڵ تۆڕی شه‌قامه لاوه‌كییه‌كانی 146 كیلۆمه‌تره، له تاسڵووجه‌وه بۆ تونێلی پێشڕه‌و ده‌بێت و له 100 مه‌ترییه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تا كۆتاییه‌كه‌ی كه ده‌بێته 40 مه‌تری. پڕۆژه‌كه به سێ قۆناغ جێبه‌جێ ده‌كرێت، ئه‌وه‌ی ئێسته قۆناغی یه‌كه‌مه كه له 33 كیلۆمه‌تر پێكدێت، هه‌شت یه‌كتربڕ و شه‌ش ئاوبه‌ری سندووقیی تێدایه و به‌پێی ستانداردی جیهانیی دروست ده‌كرێت.