پزیشكێك: عێراق بەرەو لووتكەی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا دەچێت

:: PM:05:53:11/07/2020 ‌

ئاماری قوریانیانی كۆرۆنا لە ماوەی دوایی تۆمار دەكرێت ئاماژە بۆ زیادبوونێكی گەورەی تووشبوون و مردن دەكات، كاتێك رۆژانە ئاماری تووشبوون لە سێ هەزار نزیك دەبێتەوە، پزیشكێك وریایی لە خراپیی دۆخی عێراق دەدات و دووپاتی كردەوە كە بەرەو لووتكەی بڵاوبوونەوەی پەتاكە هەنگاو دەنێین.
تەنیا رێگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی خۆپارێزییە
د محەمەد ئیسماعیل، راوێژكاری نەخۆشزانی ئەمڕۆ شەموو گوتی، ئێستە هۆكارەكانی زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی كۆرۆنا لە عێراق دیارە، ئەویش پابەند نەبوونی هاووڵاتییان بە رێنوێنییەكان و هۆشیاریانە بە پێویستی رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایەیە، جیا لە زیادبوونی ژمارەی پشكنینینەكان. 

ئەو پزیشكە پێی وایە عێراق روو لە لووتكەی بەهێزی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە دەكات و هیوای خواست بتوانن كۆنترۆڵی بكەن، بۆ ئەوەی كێرڤی قوربانیان روو لە دابەزین بكات، ئاشكرای كرد تا ئێستە چارەسەری بنبڕی پەتاكە لە دنیا نییە و ئەوەی هەیە كۆتایی نییە، بۆیە تەنیا رێگە خۆپارێزییە.

بەپێی دوایین ئاماری تووشبوون بە كۆرۆنا لە دنیا زیاتر لە 12 ملیۆن و 528 هەزار تووشبوون و نزیكەی 561 هەزار حاڵەتی مردن تۆمار كراوە، وەزارەتی تەندروستی عێراق رای گەیاند كە 2734 حاڵەتی تووشبوون و 95 حاڵەتی مردنی نوێ هەبووە، بەوەیش كۆی تووشبوون لە عێراق گەیشتە 75194 حاڵەت و چاكبوونەوە 43079 حاڵەت و مردنیش گەیشتووەتە 3055 حاڵەت.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل