دیالە.. نەهێشتنی بازگەی میلیشیاكان كاری شۆفێر و بازرگانانی كورد ئاسان دەكات

:: PM:10:55:11/07/2020 ‌

 ئەمڕۆ مەرزەكانی مونزرییەی لە سنووری خانەقین و سۆماری سنووری شارەدێی مەندەلی لەژێر كۆنترۆڵی میلیشیاكان دەرهێنران، جیا لەوە هەشت بازگەی نایاسایی میلیشیاكان، كە پارە و سەرانەیان تێدا كۆ دەكرایەوە، ئەوانیش لابران، ئەوەش رێخۆشكەرە بۆ گەڕانەوەی شۆفێر و بازرگانانی كورد بۆ كاری رۆژانەیان لە مەرزی ناوچە كوردستانییەكان.
ئەگەری بەریەككەوتنی سوپای عێراق و میلیشیاكان هەیە
 عەلی حەیدەر، ئەفسەری هەواڵگری لە پۆلیسی دیالە، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، ئەمڕۆ شەموو 11ی تەمووزی 2020، خاڵە سنوورییەكانی سۆمار و مەنزرییە لە سنووری مەندەلی و خانەقین، كەوتنە دەست هێزەكانی كاردانەوەی خێراوە، جیا لەوانەیش ژمارەیەك بازگەی نایاسایی هەبووە ئەوانیش لابراون.

زیاتر گوتی، لە مەرزەكانی سۆمار و مەنزرییە، هێزەكانی كاردانەوەی خێرا هاوئاهەنگ دەبێ لەگەڵَ فەرمانگە حكوومەتییەكانی ئەو مەرزانە.

لای خۆیەوە سەبتی مەندەلاوی، بەرپرسی كۆمیتەی مەندەلی حزبی شیوعی عێراق، بۆ"وشە" ئاشكرای كرد، لە نزیكەوە ئاگەدارین كە میلیشیاكان نیگەرانن بە نەمانیان لە مەرزەكانی سۆمار و مونزرییە، بەتایبەت مەرزی سۆمار بۆ میلیشیاكان زۆر جێی بایەخ و گرنگە، بۆیە  گومانی خۆی پێشان دا كە ناكۆكی لەنێوان هێزەكانی كاردانەوەی خێرا و میلشاكان رووبدات.

 ئاسۆ ئەحمەد، نوێنەرێكی شۆفێرانی گەرمیان، بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، دەیان و شۆفێری سنووری ناوچە كوردستانییەكان لە ترسی پارە و سەرانەوەرگرتن، روویان لە مەرزی پەروێزخان كردووە، ئەو بڕوای وایە دوای چوار ساڵ ئەو شۆفێرانە بگەڕێنەوە بۆ سنووری خانەقین و مەندەلی بۆ كاركردن، چونكە هەشت بازگەی نایاسای هەبوو لەلایەن میلیشیاكانەوە، بەردەوام لە راستەڕێگەی مەرزەكانی ناوچە كوردستانییەكان پارەیان بەزۆر لە شۆفێران وەردەگرت.

 ئەمڕۆ شەموو مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە مەرزی سۆمار لە سنووری مەندەلی بۆ میدیاكان گوتی، چیتر رێگە نادەین لەم مەرزانەوە موڵكوماڵی گشتی بدزرێت.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل