بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، هەڵسەنگاندنی تەندروستی كرا بۆ ئەو دەرمانەی لە هەولێر بەرهەم هێنرا، ئێستە پەسەند كرا و 48 سەعاتی داهاتوو دەخرێتە بواری جێبەجێكردن بۆ چارەسەر.
ئەمڕۆ یەكشەم 12ـی تەمووز، محەمەد قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروەستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەزارەتی تەندروستی عێراق بەفەرمی ئەو دەرمانەی لە سەنتەری ئاوامێدیكا بۆ چارەسەری كۆرۆنا بەرهەم هێنراوە پەسەند كرد.
ئێستە دەتوانرێ بۆ چارەسەری كۆرۆنا بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی بەكاری بهێنین
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی گوتی، ئەو دەرمانە بۆ لیستی دەرمانە پەسەندكراوەكان زیاد كرا و ئێستە دەتوانرێ بۆ چارەسەری كۆرۆنا بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی بەكاری بهێنین.
باسی لەوەش كرد، لە 48 سەعاتی داهاتوو لە هەرێمی كوردستان، ئەو دەرمانە بەشێوەیەكی فەرمی دەخرێتە بواری جێبەجێكردن و لە سەنتەرەكان و ناوەندەكانی چارەسەری كۆرۆنا بەكار دەهێنرێت.
ڕۆژی حەوتی تەمووز، ئاوامێدیكا بە هاوكاری سەنتەرە پسپۆڕییە جیهانییەكان، بەسەركەوتوویی دەرمانی دژە ڤایرۆسی فابیپراڤیری بۆ چارەسەری تووشبووانی كۆرۆنای نوێ بەرهەم هێنا، یەكەم بڕ بۆ وەزارەتی تەندروستیی عێراق هاتە ناردن، تا دابەشی سەرجەم ناوەندەكانی چارەسەركردنی كۆرۆنا نوێ بكرێت دوای قبووڵكردنی.