هاوینی گەرمی عێراق تێكەڵ بە خۆپێشاندانێكی پێچەوانەی شیعە دەكرێت

:: PM:05:33:12/07/2020 ‌

لە ساڵانی دواییدا عێراق بەهۆی قەتیسبوونی توڕەیی و بێزاری خەڵك، ناڕەزایەتی لەسەر شەقامەكان سەری هەڵدا، ئەوان توڕەییان لە هێزە سیاسییەكان و میلیشیاكان دەربڕی، كە ساڵانێكە بەناوی جیاجیاوە داهاتی ئەو وڵاتە دابەش دەكەن، خەریكە گەرمای سەختی حكوومەتی مستەفا كازمیش دەست پێ دەكات.
حكوومەتی عێراق هەنگاو بۆ پاراستنی ئەمەریكا باوێت دەكرێتە ئامانج
ئەوەی حكوومەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە حكوومەتەكانی تری پێشخۆی جیا دەكاتەوە، چەند هەنگاوێكی هاوێشتووە و بەنیازی زیاترە، بە ئاراستەی ئەو هیڵە سوورەی میلیشیا و هێزە سیاسییە شیعەكان بۆیان دیاری كردووە، كە سەرچاوەی دارایی خۆیان و بەشێكی لایەنگران و ئێرانیشە، بۆیە وەك چۆن كازمی كەوتووەتە جموجۆڵ، ئەوانیش وا خەریكە جەماوەر دەجوڵێنن، راستەوخۆ و ناراستەوخۆی بەربەستی بۆ دروست دەكەن.

لەوكاتەی دوێنێ كازمی فەرمانێكی دەركرد بەوەی سەرانی حەشدی شەعبی ناتوانن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لێدوان بدەن، هەر دوێنێ سەبارەت بەو هێرشەی كرایە سەر چەند ئۆتۆمبیلێكی سەربازی ئەمەریكی لە باشووری عێراق، كەمال حەسناوی، فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی گوتی، عێراق بەهۆی بوونی هێزەكانی ئەمەریكا، بە قۆناغێكی مەترسیدار تێپەڕ دەبێت، تا ئێستە ئەمەریكا سووكایەتی بە عێراق دەكات و نێردە دیپلۆماسییەكانی دەكاتە بنكەی سەربازی لە رێگەی جێگیركردنی سیستمی دژە مووشەكی.  

زیاتر گوتی، دانانی سیستمی پاتریۆت لە تەلاری باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، پێچەوانەی نەریت و یاسا نێودەوڵەتییەكانە و شەرعیەتی بە گرووپە چەكدارەكانی بەرگریكار داوە بۆ نەهێشتنی بوونی ئەمەریكی، ئەگینا ئەو مووشەكانەی بۆ چییە ئەگەر بوونی ئەمەریكا سەربازی نەبێت.

ئەو فەرماندەی حەشدی شەعبی دووپاتی كردەوە، حكوومەت ناتوانێت هیچ شتێك دژی گرووپەكانی حەشدی شەعبی ئەنجام بدات و ئەگەر كردیشی، ئەوكات ئەوەیش دەكرێتە ئامانج، بۆیە باشترە لەو بابەتانە دوور بكەوێتەوە و بەت ئاراستەی دڵنیاكردنەوەی خەڵك و دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا بچێت، ئاشكرای كرد كە ئەو گرووپانەی لەسەر رێگەی خێرا لە پارێزگەی موسەنا هێزەكانی ئەمەریكایان كردە ئامانج، لەهەر شوێنێكی تر هێزی ئەمەریكای لێبێت، دەیانكەنە ئامانج.

لەوكاتەی دوێنێ ژمارەیەك چەكدار لەسەر رێگەی خێرای نێوان سەماوە و دیوانییە لە باشووری عێراق، ئاگریان لە چەند بارەبەرێكی عێراقی بەردا كە ئۆتۆمبیڵی ئەمەریكیان بار كردبوو، گوتەبێژ بەناوی پنتاگۆن دووپاتی كردەوە كە ئەوان هیچ زانیارییەكەیان نییە بەوەی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق دووچاری هێرشكردن هاتبێتەوە.  

ئێستە هێزە شیعەكانی لە گۆڕانكارییەكانی كازمی دەترسن و هەنگاوەكانی لە بەرژەوەندی ئەوان نییە، بەتایبەتی حزبی دەعوە و میلیشیاكانی سەر بە ئێران، ئەوان سەرقاڵی بەربەست دروستكردنن بۆ هەنگاوەكانی و دەیانەوێ جەماوەری خۆیان لەوانەی ساڵانێكە داهاتی ئەو وڵاتەیان بە نایاسایی بۆ دەچێت، وەك سوودمەندانی رەفحا و هیتریش، بێننە سەر شەقامەكان، جیا لە خەڵكی بێزار بەهۆی نەبوونی كارەبا، كە حزبی دەعوە لە ماوەی چەندان ساڵی فەرمانڕەوایی لە جەعفەری و مالیكی و عەبادی، نەیتوانی كێشەی كارەبا چارەسەر بكات، خەریكە جەماوەر لە كازمی هان دەدات بەو ناوەوە.

نووری مالیكی، ئەمینداری گشتی حزبی دەعوە لە تویتێك نووسیویەتی، عێراق بە دۆخێكی سەختدا تێپەڕ دەبێت، هیوادارم سەرۆك وەزیران لەگەڵ خۆپێشاندەران لە شۆڕشگێڕانی راپەڕین (رەفحا)، دابنیشێت و چارەسەری كێشەكانیان بكات و بابەتی ئەوان نەبێتە تەنگژەیەكی تر، بۆیە نابێت توندوتیژی بەرانبەریان بەكاربێت، چونكە رەنگە پەرە بستێنێت و دۆخی وڵاتیش رێگە بەوە نادات.

ئەمڕۆ بەكشەم سوودمەندانی رەفحا وەك ناڕەزایەتی بەرانبەر چەند بڕیارێكی چاكسازی مستەفا كازمی بە نەهێشتنی چەند مووچەیی ئەوان، رێگەی خێرای نێوان بەغدا و بابلیان داخست، لەوكاتەی هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری، سەرۆكایەتی دەكات، بەیاننامەیەكی دەركرد و سەركۆنەی سەركوتكردنی خۆپێشاندەرانی رەفحای كرد لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە.

هاوپەیمانیەتییەكە گوتی، نیگەرانین لەوەی خۆپێشاندەرانی هاتوو لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە رووبەڕووی بوونەوە لە گولەی راستەقینە، كە بووە هۆی كەوتنەوەی قوربانی، ئەوە پێشێلكردنێكی ئاشكرای دەستووری عێراقە، داوا لە حكوومەت دەكەین لێپرسینەوە لە سەركوتكارانی خۆپێشاندەران بكات و لێپرسینەوە لەگەلیان بكات، وریاییش دەدەین لە فەرامۆشكردنی دەنگی گەل، چونكە تەنگژەكە سەختتر دەكات و وڵات دەباتە ناو پشێوییەوە.

پرسی كەمی كاربا كە ساڵانە عێراق بەهۆی زیادبوونی خواست تووشی دەبێت، بۆ ئەمساڵیش وا خەریكە سەر هەڵدەدات و دوێنێ چەند پارێزگایەك بێ كاربا بوون، ماجد حەنتووش، وەزیری كارەبای عێراق دەڵێت، بەرهەمهێنانی كارەبا كەمی نەكردووە و بەر لە وەرگرتنی پۆستەكە عێراق 15 هەزار مێگاوات كارەبای بەرهەم هێناوە، ئێستە ئەو بڕە كەم نەبووەتەوە و رۆژانەی 16 سەعات كارەبای نیشتمانی هەیە.

لای خۆیەوە ئەحمەد مووسا، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی كارەبای عێراق دەڵێت، كۆی ئەو پارەی لە 2003ەوە لە كەرتی كارەبا خەرج كراوە 62 ملیار دۆلاری تێپەڕ نەكردووە، ئەو پارەیش بۆ بودجەی بەكارخستن و وەبەرهێنان بووە، توانیمان بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەنینە 16 هەزار مێگاوات.       




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 245 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌