نرخی دۆلار گەیشتە سەرووی 23 هەزار تمەن

:: PM:04:39:13/07/2020 ‌
نرخی تمەن بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكا رووی لە دابەزین كردووە و دیسان نزمترین نرخی تۆمار كرد كە پێشتر لە مێژووی بەهای ئەم دراوە تۆمار نەكراوە.

ئەمڕۆ دووشەم 13ی تەمووز، هەر دۆلارێكی ئەمەریكا لە بازاڕەكانی تاران لە سەرووی 23 هەزار  و 500 تمەن ئاڵوگۆڕ كرا. داشكانی زیاتری تمەن لەكاتێكدایە لە سەرەتای ئەم مانگەوە دابەزینی بەهای تمەن دوو جاری تر ژمارەی پێوانەیی شكاندووە.

بەرپرسانی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا هۆكاری دابەزینی نرخی تمەنیان بۆ پاڵەپەستۆی دەروونی لەسەر بازاڕی ئێران هەژمار كردبوو و گوتبوویان دابەزینەكە كاتییە و خێرا ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام ئەمە راست دەرنەچووە و تمەن لە دابەزین بەردەوامە.

رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران بەڵێنی گەڕانەوەی پارەی ئێران لە دەرەوەی وڵاتی داوە
حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێرانیش باسی لە گەڕانەوەی پارەی ئێران لە دەرەوەی وڵات و پاڵپشتیكردنی دراوی فەرمی كردبوو و لەو رێیەوە ئومێدی بە بازاڕەكان دابوو نرخەكە چیتر كەم نابێتەوە، كەچی ئەمڕۆ ژمارەی پێوانەیی شكاند.

ساڵی 2018 سێ مانگ دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكی، تمەن زۆر بەخێرایی دابەزی و هەر دۆلارێكی ئەمەریكی گەیشتە 19 هەزار تمەن، بەڵام دواتر ئێران بە گرتنەبەری هەندێك رێوشوێنی بانكی، توانی تا ئاستێك دۆخەكە ئاسایی بكاتەوە و پایزی رابردوو نرخی هەر دۆلارێك تا خوارووی 11 هەزار تمەنیش دابەزی.

كەمتر لە دەیەیەك لەمەوبەر هەر هەزار تمەنی ئێرانی زیاتر لە هەزار دیناری دەكرد، بەڵام ئێستە 100 هەزار تمەنی ئێرانی لە سەرووی پێنج هەزار دینار ئاڵوگۆڕ دەكرێ و لێرەدا دەردەكەوێت تمەنی ئێرانی تووشی چ دۆخێكی نالەبار بووە.

ئەگەر دۆخی ئابووری ئێران هەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، پێشبینی دەكرێ نرخی دراوی ئێرانی زیاتر دابەزێت.


وشە - سلێمان تاشان