هێشتا دەرەنجامی كۆبوونەوەی ئۆپێك پڵاس ئاشكرا نەبووە، كەچی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە بەرزبوونەوە كرد. گەڕانەوەی ئومێد بۆ بازاڕەكان و ئەگەری زیادبوونی داخوازی لەسەر نەوت، هۆكاری هەڵكشانی نرخەكەیە.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەم رێكخراوی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی كۆ ببنەوە و دواین بڕیار لەبارەی سنوورداركردنی بەرهەمهێنان بدەن.
ئەوان قسە لەسەر ئەوە دەكەن دوو ملیۆن بەرمیل بەرهەمهێنان زیاد بكەن، بەپێی ئەو رێككەوتنەی پێشتر كردبوویان و دەبوو قۆناغ بە قۆناغ بەرهەمهێنان زیاد بكەن.
دواین راپۆرتی رێكخراوەكە لەسەر پابەندبوونی زۆربەی ئەندامان بە رێككەوتنەكە، هۆكار بووە لەوەی بازرگانان نیگەرانییەكانیان بڕەوێتەوە. وڵاتانی ئۆپێك بڕیاریان دابوو نزیكەی 10 ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنان كەم بكەنەوە و بڕیارەكەش لە سەرەتای مانگی ئایارەوە جێبەجێ كراوە، هەرچەندە هەندێك وڵات كەمتر پابەند بوون بە رێككەوتنەكە و بڕیاریان داوە لە مانگەكانی تر قەرەبووی بكەنەوە.
نەوت لە سەرووی 43 دۆلار و 50 سەنت دەفرۆشرێت
بەگوێرەی
dailyfx نرخی هەر بەرمیلێك نەوت كە دوێنێ سێشەم تا 41 دۆلار و 70 سەنت دابەزیبوو، ئەمڕۆ لە سەرووی 43 دۆلار و 50 سەنت دەفرۆشرێت. نەوتی تێكساسی ئەمەریكاش بە نزیكەی 41 دۆلار دەفرۆشرێت.
هۆكارێكی تری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پێوەندی بە دواین راپۆرتی فەرمانگەی زانیاری وزەی ئەمەریكا هەیە كە باسی لە كەمبوونەوەی قەبارەی نەوتی كۆگاكراو كردبوو و ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەرزبوونەوەی داخوازی و جووڵەی زیاتری پیشەسازی.