بەهۆی گیربوونی هەوساری ئەسپێک لە دەستی منداڵێكی 11 ساڵان لە ناوچەی پشدەر، منداڵەکە گیان لە دەست دەدات و پۆلیس ڕای دەگەیەنێت تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكاری كراوەتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 15ـی تەمووز، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سەعات 10ـی بەیانی ئەمڕۆ تەرمی منداڵێك بەناوی "هـ . ئـ . خ " /11 ساڵ/، دانیشتووی گوندی سپێرۆ سەر بە شارەدێی ژاراوەی دەڤەری پشدەر، گەیەنرایە نەخۆشخانە.
تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە و لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە
گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین گوتی، پاش توێكاری بۆ تەرمەكەی ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە و لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە.
باسی لەوەش كرد، بە گوتەی كەسوكارەكەی، ئەوان مەڕدارن لە بناری قەندیل و كوڕەكەیان ویستوویەتی ئەسپەكەیان ڕاكێشێ، دواتر ئەو گوریسەی بە ئەسپەكەوە بووە، لە دەستی منداڵەكە گیر بووە و ئەسپەكە ئەوی ڕاكێشاوە و بەو هۆیەشەوە گیانی لە دەست داوە.